دواین هەواڵ

شۆڕشی گوڵان و بڕیارێکی بوێرانەی مێژوویی

‌ئەسرین عاسی شوانی

25/05/2023

شۆڕشی گوڵان لە 26ی گوڵانی 1976 لە کاتێک دا دروست بوو،کە گەلی کورد بە هۆی نسکۆی 1975وە توشی نەهامەتی و بێ ئومێدیەکی زۆر هاتبون ،بە هۆی ڕێکەوتننامەی جەزاێیرەوە،و بە هۆی گەلەکۆمەی دوژمنانی کوردەوە خەونی سەدان ساڵەو ڕوبارێک لە خۆێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانیان وەک سەهۆڵ توانەوە، بە جۆرێک هەر لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلولەوە دوژمنانی کورد بەتایبەت ڕژێمی بەعس کەوتە داپڵۆسین و وێرانکردن و ڕاگوێزانی گوندەکانی سەرسنور و دورخستنەوەی شۆڕشگێڕان و پێشمەرگەو کادیرانی شۆڕش بۆ خواروی عێراق و چاودێری کردنی جموجوڵەکانیان.

ڕژێمی بەعس بەهاوکاری دوژمنانی کورد بەپێی نەخشەو پلان سنورەکانی باشوری کوردستانیان بەقوڵای بیست کیلۆمەتر ڕاگوێزاو کردیانە سەربازگەو بەخەیاڵی خاوی خۆیان کۆنتڕۆڵی بزاوت و جوڵانەوەی کوردایەتی بکەن، لەلایەکی ترەوە هەر لەدوای نسکۆکەوە بەشێکی زۆری پێشمەرگە ئاودیوی ئێران بون و حکومەتی شاهەنشاهی بە پێی ڕێکەوتن نامەی جەزائیر دابەشیان کردن بە ناوچە دورەدەستەکانی ئێران داو پەرتیان کردن و ڕژێمی عێراقیش زۆربەی ئەوانەی گەڕانەوە بۆ عێراق دوریان خستنەوە بۆ باشوری عێراق و لە ژێر چاودێری قوڵ هێشتیانەوە، بە مەبەستی ئەوەی ڕێ لە جموجۆڵ و چالاکیان بگرن و جگە لەوەش نائومێدیەکی یەکجار زۆر باڵی بەسەر نەتەوەکەمان دا کێشابو،بەوەی جارێکی تر شۆڕش تروسکای بداتەوە حکومەتی عێراق و دوژمنانی تریش وایان ئیدیعا دەکرد ئەگەر شاخەکانی کوردستان خورمای لێ بڕوێ پێشمەرگەی لێ دروست نابێتەوە.

بەڵام هەر زوو دوای ساڵێک لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە فەرمانی بارزانی نەمر بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان درا وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی شوڕشەکەو سەرۆک بارزانی وەک ئەندازیای شۆڕشی گوڵان دەورو کاریگەری زۆری هەبوو لە هەستانە سەر پێی شۆڕشەکە لە بەر ئەوەی ،ڕاستە شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول بوو ،بەڵام قۆناغ و سەردەمەکە جۆرێک لە خەباتی پێویست بوو، هەروەک شۆڕشی ئەیلول لەو پەڕی بەهێزی و شەڕی بەرەی و بەرامبەر سەخترین سوپا شەری مەیدانی دەکرد و کوردستان ئاوەدان و سەرجەم گەلی کورد لە بەرەی شۆڕش و کارەکتەری شوڕش بون،بەڵام گۆڵان وەک درێژەپێدەری کاروانەکەی ئەیلول گەلی کورد زوربەیان یان لە ئودوگاکانی ئێران دا بون یانەخۆ لە باشوری عێراق لە ژێر چاودێری دا بون،لەگەڵ ئەوەش دا ئەو کات کە بڕیاری شۆڕشی گوڵان درا سەرۆک بارزانی بە پاڵپشتی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی پشتی نایە بەر کارێکی زۆر قورس و هەموو ئەو خەونانەی دوژمنانی لە گۆڕ نا و بڵێسەی شۆڕشی لە شاخە سەرسەختەکانی کوردستان هەڵگیرساندو بۆ دوژمنانی سەلماند تا کوردێک مابێت کوردستان دەست لە بەرخودان هەڵناگرێت و ڕێگەش بە دوژمنان نادریت گەلی کورد ژێرچەپۆکە بێت،ئەوە بوو مژدەی شۆڕشی گوڵان وەک چەخماخە پریشکی هەموو کوردستانی گرتەوەو بە شەڕی پارتی زانی و کۆکردنەوەی هەموو بیروبۆچونە جیاوازەکانەوە دەسی پێ کردو، ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەکردن و نەشونماکردنی زیاتردا بوو تا بەبەرهەمی ڕاپەڕین بگات و پەڕلەمان و حکومەتی هەرێم ببنە بەدیهێنانی خەونە لە مێژویەکانی گەلەکەمان.

بەڵێ گەر بە شێوەیەکی زانستیەوە لە شۆڕشی گۆڵان بڕوانین دەبینین هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی کوردو سەرجەم شۆڕشەکانی بەر لە خۆی چونکە گەورەترین سەروەری لە مێژوی کوردایەتی دا تۆمار کردو کوردی وەک نەتەوەیەک و شۆڕشی ڕزگاری خوازی بە جیهان ناساندو لە ئێستادا لە سایەی سەرکردایەتی ئەو شۆڕشە کورد پێگەی خۆی هەیە لە جیهان داو زل هێزە جیهانیەکان هەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکەن وبەرژەوەندیەکانیان لە گەڵ گرێ دەدەن، لە کۆتای دا دیارە شۆڕشی گوڵان هەر وا بە ڕێکەوت دروست نەبوەو بە ئاسانی نەبوەتە ئەمری واقیع بەڵکو بەری ڕەنج و ماندوبونی سەرکردایەتیەکەی و خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانێتی کە ئەو کاروانەی بەمڕۆی پڕلە سەروەری گەیاند.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP