سزای لەسێدارەدان یەکێکە لەو سزایانەی کە کۆتا سزای قورسە لە یاسای وڵاتاندا کە سزای لەوە قورستر نیە، چۆنیەتی جێبەجێکردنەکەشی چەند جۆرێکی هەیە بەپێی یاسای وڵاتان و جۆری سیستەمەکانیان لەوانە (هەڵواسین تا مردن، رەمی کردن بە گولە، کورسی کارەبایی، خنکاندن بە غاز، دەرزی ژەهر، مقصلە و ملپەڕاندن، بەڵام لە عێراق دا بەپێی ماددەی (86) لە یاسای سزادانی عێراقی لەسێدارەدان (الاعدام) بریتییە لە (شنق المحكوم عليه حتى الموت) هەڵواسینی کەسی سزادراو تا مردن، کە ئەمەش تاکە ڕێگایە کە بۆ خەڵکانی مەدەنی سزادراو بەسزای لەسێدارەدان جێبەجێدەکرێت، بەڵام بۆ کەسانی عەسکەری لە سێدارەدان ڕەمی کردن بە گولە دەبێت بەپێی یاسای سزادانی عەسکەری.
لێرەدا هەڵواسین (شنق) بریتییە لە ڕێگاکردن لەهەناسەدانی کەسی سزادراو لەڕێگەی تێئاڵاندنی حەبلێکی تایبەت لەسەر جێگایەکی تایبەت بە لەسێدارەدان کە لەدەوری مل و بۆری هەناسەدانی گیردەبێت و لەماوەیەکی ئەوتۆدا کۆتایی بەژیانی ئەو کەسە دەهێنێت، ئەویش بەلابردنی ئاسنێکی تایبەت لەژێر پێی کەسی سزادراودا و کەوتنەسەری هێزی لاشەی خۆی بۆسەر ملی و وەستانی چونی هەناسە بۆ سییەکانی تا مردنی.
شوێنی جێبەجێکردنەکەی بریتییە لەشوێنێکی تایبەت لەناو سجن یان هەر جێگایەکی تر بەپێی ماددەی (288) لە "قانون اصول المحاکمات الجزائیە" ئەویش دوای دەرچونی مرسومی جمهوری و هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی.
ئەم سزایە لە ساڵی (2003) دوای هاتنەسەر حوکمی دەسەڵاتی ئیئتلافی کاتی، ئەو کاتە راگیرا بەڵام دواتر بەپێی فەرمانی ژمارە (3) لە ساڵی (2004)ـدا سزاکە گەڕایەوە بەهەمان باری پێشو.
لە ئێستاشدا ئەم سزایە وەک کارپێکردن لەدادگاکاندا کاری پێدەکرێت بەپێی یاسای سزادان و یاسا بەرکارەکانی دیکە بەڵام جێبەجێکردنی لەهەرێمی کوردستان لەڕووی واقعیەوە راگیراوە، بەڵام لەعێراق کاری پێدەکرێت.