بەرپرسانی ئێران بەجدی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمزمان کردوە
گەروی هورمز بەگرنگترین رێگای گواستنەوەی دەریایی نەوت لەجیهاندا دادەنرێت، بۆ ئێران شاڕێگای هەناردەکردنی نەوتەکەیەتی و خاڵی کۆنترۆڵکردنی رێگایەکی ستراتیژی گرنگە، بۆ ئەمریکاش خاڵی پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوایە، لەبەرەئەوە کارتێکە هەمیشە لەقوڵایی ململانێ ئابوری و سیاسییەکاندا بەکاردەهێنرێت.
گەروی هورمز چییە و دەکەوێتە کوێ؟
گەروی هورمز دەکەوێتە نێوان سنوری هەردو وڵاتی عومان و ئێران، بەشی باکوری رۆژهەڵاتی کەنداوی فارس دەبەستێتەوە بە کەنداوی عومان لەبەشی باشور و دەڕژێتە سەر دەریای عەرەبی.
لەئێستادا گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، بەڵام لەڕێگای یاسای نێودەوڵەتی و بونی هێزی دەریایی بریتانی و ئەمریکی کە بنکە سەرەکییەکەی لە مانامای پایتەختی بەحرەینە، پاراستنی ئاسایشی کەشتییە جیهانییەکان کۆنترۆڵکراوە.
لەڕوی گواستنەوەی دەریاییەوە، گەروی هورمز تەنها رێگای گواستنەوەی کەلوپەل و خەڵکە لەکەنداوەوە بۆ جیهانی دەرەوە، لەبەر ئەم هۆکارەشە هەریەک لە ئیمارت و سعودیە پێشنیاری دامەزراندنی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی نوێیان کردوە بۆ دورکەوتنەوە لەم رێگا پڕکێشەیە.
گرنگی ستراتیژی و ئابوری گەروی هورمز
گەروی هورمز، یەکێکە لەگرنگترین رێگا ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت کە هێڵی نێوان کەنداوی عەرەبی ( کەنداوی فارس) و کەندای عومان پێکەوەدەبەستێت. پانییەکەی 39 کیلۆمەترە کەکورتترین رێگای گواستنەوەی ئاوییە و هێڵی تەنها رێگەی تێپەڕینی دو کەشتی هەیە لەیەک کاتدا کە هەر رێگەیەکیان پانییەکەی 2 میلە.
ئەم گەروە کراوەیە بەسەر دەریایەکدا کە لەڕێگەیەوە نزیکەی لەسەدا 20ی نەوتی بازرگانی هەمو جیهان و نزیکەی سێیەکی گازی سروشتی هەمو جیهان رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.
گەروی هورمز دو دورگەی تێدایە ( دورگەی قیشم و دورگەی هەنجام) کەزۆربەی بەندەرەکانی تێدا کۆبوەتەوە، بنکەی سەرەکی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزی چاودێری دەریایی ئێرانیش لەگەروی قیشمدایە.
گرنگی ستراتیژی ئەم گەروە ئەوەیە کەتەواوی وڵاتانی نەوتفرۆشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبەستێتەوە بەبازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکور و هێڵە نەوتییەکانی ئەولاتریش، ئەوەش وایکردوە ببێتە چەقی ململانێکانی نێوان رۆژئاوا و ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا، لەساڵی 2016دا رۆژانە 18.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەروەدا تێپەڕیوە، کەنزیکەی لەسەدا 30ی نەوتی گواستراوەی دەریایی بوە لەو ساڵەدا.