دواین هەواڵ

بەها وەک بەهانە!

‌شیروان تاڵیب

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵی ٢٠١٤ کە داع/ش موسڵی گرت، کەس هیچی وەهای نەووت. کە چووە تەنیشتی بەغدا (پایتەختی عێراق)، دیسان کەس شتێکی وەهای نەکرد. کەچی هەر ئەوەندەی لە هەولێر (پایتەختی هەرێمی کوردستان) نزیک بووەوە، دنیا بۆ پاراستنی هەرێم و لێدانی داع/ش، هاتە سەرخەت! 
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا دەستبەجێ دەرکەوت و قسەی کرد، بەڵام کە قسەی کرد نەیووت: فەرمانم دا بە هێزەکانمان، ناوچەیەک کە دەوڵەمەندە بە نەوت و غاز و گەلێک کە مەزڵووم و تێکۆشەر و قوربانیدەر و خاوەن حەضارات و مێژوو و هتد..ن، لە تیرۆریستان بپارێزن! 
بەڵکوو وتی: فەرمانم دا بە هێزەکانمان، ناوچەیەک کە مەڵبەندی پێکەوەژیان و لێبووردەییە و نەوایەکی ئازاد و ئارامە بۆ هەموو جیاوازییەکان، لە تیرۆریستان بپارێزن! 
کەم سەرۆک وڵاتی گەورەی دنیا ماوە، خۆمان بە دیموکراتخواز و هەرێمەکەشمان بە مێرگی دیموکراتییەت لە سەحرایەکی خاڵی لە دیموکراتیدا وەسف نەکا و پشتیوانیمان نەکا بە واجب! 
سەرکردەیەکی کاریگەری جیهانیش نەماوە، ئیعجابی خۆی بە کراوەییمان بەڕووی ژیانی سیاسی لە دەورووبەرێکی داخراودا دەرنەخا و وەک دژە باوێکیش لە مەنتیقەکەدا، بە خاوەن سنگێکی فراوان لە قبووڵکردنی (جیاوازی)یەکاندا، وەسفمان نەکا و بە دۆستایەتی ئێمەوە خۆی با نەدا! 
ئەکید شەڕی زلهێزانی دنیا لەسەر نفووزە و (با)ی مەسڵەحەتیان لە کوێوە بێ لەوێیەوە شەن ئەکەن، کە لەسەر خەڵکێکیش بەجواب دێن، سووچی سوودێکی خۆیانی تێدا نەبێ، قڕیش بکرێن نققەیان لێوەنایەت! 
ئێمە بە کۆمەڵێک بەهاوە لە دنیادا ناسراوین، دنیا و زلهێزانی دنیاش هەر ئەو بەهایانەیان کردوونەتە بەهانە بۆ پاراستن و بەجواب هاتن لەسەرمان، جا ئەگەر لەسەر ئەرزی واقیع ئەو بەهایانەمان پێ تۆختر ناکرێن، هەرنا، با ئەوەندە کاڵیان نەکەینەوە کە ڕۆژێک بێت کەس بەهانەیەکی نەک بۆ پاراستن و بەجواب هاتن لەسەرمان نەمێنێ، بەڵکوو لە ناوهێنانیشمان وەک دۆست، حەزەر بکا و خۆی بپارێزێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP