دواین هەواڵ

کلتور‌

 30/08/2023

داكەوتنی عەشق و عەقڵ لەلای مەحوی

نەجات نوری

سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە!
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە!

مەحوی شاعیر (1836- 1906) لە ڕۆژگاری خۆیدا بە ورد تێڕوانینی بۆ مرۆڤەكانی دەووروبەری هەبووە، هەستیارانە لە ڕەفتار و گفتوگۆی خەڵك ڕاماوە، خوێندنەوەیەكی تایبەتی هەبووە بۆ تاك و كۆمەڵگا، مەحوی لەو ڕوانگەیەوە لە كۆمەڵگا دەڕوانێت كە نابێت بەتاڵبێت لە عەشق و عەقڵ، عەشق و عەقڵ لەلای مەحوی سەرچاوەی گەورەن بۆ ژیانی تاك، بۆ مەحوی ئەو كۆمەڵگایانەی كە لە عەشق و عەقڵ دادەبڕێن بەرەو هەڵدێر و مەرگەسات دەڕۆن، مەحوی بە وشەكانی (جۆش و هۆش) مرۆڤ دەخاتە بەردەم دەیان پرسیارەوە، لەوەدا ڕایان دەگرێت كە مرۆڤ بەبێ گیانێكی جۆش و هۆش كە پەیوەستن بە (دڵ و عەقڵ)ەوە لە ژیاندا بەرەو كوێ دەڕوات؟

پرسی مەحوی بۆ مرۆڤ دڵ و عەقڵە، لەم دوو شوێنەدا مرۆڤ خۆی تاقی دەكاتەوە لە ژیاندا، ئەم دوو شوێنە بۆ مرۆڤ ئەو خوێندنگا گەورەیەیە كە مرۆڤ تێیدا بە سەركەوتن یان بە شكست دەگات، خۆی دەخاتە بەردەم ئەو تاقیكردنەوە سەختانەوە كە یان دەبێت بە مرۆڤێكی مەزن یان تا مردن گەمژانە دەسووڕێتەوە، مەحوی بەوشەكانی (زركەتاڵ و شووشەی بەتاڵ) پێوانەی مرۆڤ دەردەخات بۆ عەشق و عەقڵ بە دیوەكەی تردا بۆ تاریكی و گەمژەی، دێت عشق و تاریكی دەكاتە پێوەی دڵی مرۆڤ، ژیر و گەمژەییش دەكانە پێوەری بیری مرۆڤ، دێت مرۆڤ دەخاتە ناو كایەی عەشق و عەقڵەوە لە نێوان تەمەنیدا، ئەو وای دەبینێت كە مرۆڤ نابێت لە عشق و عەقڵ داببڕێت، لە تێڕوانینی مەحویەوە دابڕان لەم دوو چەمكە مرۆڤ دەخاتە بەردەم ملكەچی و نەزانی و جەنگ و تاریكیەوە،

ئەوەی وا لە مرۆڤ دەكات سەرگەردانبێت و سەر و دڵی هی خۆی نەبێت لە ژیاندا دابڕان و بیرنەكردنەوە یە لە عەشق و عەقڵ، مرۆڤ زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەناو كایەی عەشق و عەقڵدا خۆی بدۆزێتەوە، خۆی بكاتە ئەو مرۆڤەی كە هەم دڵ و هەم عەقڵی وەكو بنەمایەكی گرنگ بۆ عەشق و بیركردنەوە بەكاربهێنێت و لە دەریایی جەنگ و ڕق و نەزانیدا بەرەو كەناری ئارامی بێتە دەرەوە، ئەو كاتانەی مرۆڤ لە عەشق و عەقڵ لە جۆش و هۆشی خۆی دادەبڕێت ئیتر لە مرۆڤایەتی دەكەوێـت، دەبێتە كۆیلەی ڕۆژگار و كۆیلەی ئەم و ئەو، دەبێتە كەسێك كە نەدەزانێت ژیان چییە نە دەزانێـت خۆی چییە و بۆچی دەژی، مرۆڤی ڕاستەقینە عەشق و عەقڵە، هەنگاونان بەسەر عەشق و عەقڵدا مرۆڤ بەرەو دابڕان لە بوونی خۆی دەبات،

ئەوانەی كە هەست بە دڵ و سەری خۆیان ناكەن، كە نازانن دڵ جێگەی عەشقە بۆ جوانی مرۆڤ و گەیشتن بە ژیانێكی ئارام تێكشكاون، دڵیان لە شووشەیەكی كۆنی خۆڵاوی بەتاڵ هیچی ترنیە، ئەوانەی كە نازانن مێشكیان بۆ بیركردنەوە و عەقڵ بەكاربهێنن بۆ گەیشتن بە چاكە و ڕاستگۆی و كرداری باش لەو مرۆڤانەن كە دەچنە خانەی مرۆڤە گەمژەكانەوە و سەریان وەكو زركەتاڵ بۆگەنی كردووە و مێش و مەگەز تێی وروكاون، لێرەوە بۆ مەحوی ژیان عەشق و عەقڵە مرۆڤ دەبێت بە وردی بەشوێنیاندا بگەڕێت، نەگەیشتن بە عەقڵ و عەشق لە ژیانی مرۆڤدا مرۆڤ دەخاتە ناو كورەی سووتانەوە كە ئەمەش دەكاتە ئەو ڕێگا پڕ لە نەزانیەیی كە مرۆڤ پێیدا بەرەو مەرگ دەڕوات،

مرۆڤ مادام خاوەنی دڵ و مێشكە كە ئەمەش دەكاتە دوو خوێندنگای گەورە لە دوو شوێنی جیایی گیانی مرۆڤدا كە مرۆڤ خۆی تێیدا دەبێتە مامۆستای خۆی و لێوەیان خۆی پەروەردە دەكات بە عشق و عەقڵ، ئەمە ئەو دووانە گرنگ و چارەنووسسازەن كە دەبێت مرۆڤ پێیبگات تا ببێتە مرۆڤ، ئەوانەی درك بە بوونی ئەم دووخانەی حیكمەتەی ناو گیانیان ناكەن زۆرنەی كۆمەڵگان، زۆرینەی تاكەكانن كە دەمێكە دەرگای ئەم خانە گرنگەیان لەسەر عەشق و عەقڵی خۆیان داخستووە و دابڕوان لەگەیشتن بە ناسینی خۆیان و دەووروبەریان و هەنگاونان بەسەر لاشەی مردووی خۆیاندا، ئەوە مرۆڤە كە دەبێت زوو زوو ئاوڕ لە دڵ و مێشكی خۆی بداتەوە و پاكی بكاتەوە لە گەمژەی و نەزانی و تاوان و ڕق و درۆ و دووڕووی ئەمەش تەنیا بە گەیشتن بە عەشق و عەقڵ دەكرێ،

عەشق بە دەیان وێنەی هەیە، مرۆڤ دەكرێ عاشقی مرۆڤ بێت، دەكرێ عاشقی خودابێت، عاشقی سروشت و جوانی و كتێب و ئەستێرەكان بێت، مرۆڤ دەكرێ ئەقڵانیانە دۆستی هەموو كەسێكبێـت، داببڕێت لە ڕق و جەنگ و بەرپاكردنی تاوانەكان، مرۆڤ بەم دوو شێوەیە لە ژیاندا دەبێـت بە مرۆڤ، بە پێچەوانەی عەشق و عەقڵیشەوە دەبێتە دڕندە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP