دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندی دانوستانکاری حکوومەت لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەدان. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داواکاری و داخوازییەکانی حکوومەتی هەرێم دەکرێت لە دانوستانەکاندا لەگەڵ حکوومەتی فیدرال.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی پیرمام
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، لە پیرمام لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە:
•ئاوات شێخ جەناب: وەزیری دارایی و ئابووری
•کەمال محەمەد: وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت
•ئومێد سەباح: سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
•ئامانج ڕەحیم: سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران
•عەبدولحەکیم خەسرۆ: سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون

هاوکات ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، وەکو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن.

ئامانجی کۆبوونەوەکە و بەشداریی پارتی
لە مەکتەبی سیاسیش، شاندێکی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامانی لیژنەی دارایی (نوێنەرانی پارتی لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق) لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن، بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو داواکاری و داخوازییانە بن کە حکوومەت پێشکەشی کردووە تا بتوانن لە بەغدا زیاتر داکۆکییان لێ بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممەی رابردوو، ٨ی ئەیلوول، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و رۆژی چوارشەممە، ٩ی ئەیلوول، لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوت و پلاندانانی عێراق کۆبووەوە.

سەردانی شاندەکە بۆ بەشداریکردنی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP