هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان بە مەرسومێکی دەستووریی هێزەکانی پاڵپشتی خێرای وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوودان بڵاویکردەوە، فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان (٦٣ ساڵ)، فەرمانەکەی ئیمزا کردووە و هۆکارەکەشی بۆ دەرچوونی ئەو هێزە لە دیسیپلینە سەربازیی و نیشتیمانییەکان و زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی سوودان گەڕاندووەتەوە.
هەروەها بەپێی بڕیارەکە تێکەڵکردنی هێزەکانی پاراستنی سنوور لەگەڵ ئەو هێزە هەڵوەشاوەتەوە و هەموو ژمارە بانکییەکانیشیان داخراون.
لەماوەی رابردوو هێزەکانی پاڵپشتی خێرا بەسەرۆکایەتی فەریقی یەکەم محەمەد حەمدان دقلو (٤٨ ساڵ)، شەڕێکی گەورەیان لە دژی هێزە چەکدارەکانی سوودان بەرپاکرد و ژمارەیەک لە ویلایەت و دامەزراوە گرنگەکانی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکرد.
چاوەڕێدەکرێت ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان جارێکی دیکە دەرگای شەڕ و کوشتار لە سوودان بکاتەوە و ڕێگە بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی ئیقلیمی لە پرۆسەی سیاسیی و سەربازی لەو وڵاتە خۆشبکات.