هەرێم نیوز
بهرپرسێكی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: رۆژانە دو ملیۆن و 784 هەزار و 606 مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچوی ساڵانەی 552 ملیار دینارە، ههروهها خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەویین، کە لە ڕێگەى گلدانەوە و پاڵاوتن و ناردنەوە، ئاوی پاک بۆ دانیشتوان دابین دەکات.
ئێستا 81 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، رۆژانە لەسەر رووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە 11 پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە رێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کەمئاوی، 11 پڕۆژەى ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن. ئێستا %50ـى بەرهەمهێنانی ئاو لە رێی بیرەکانەوەیە، %50ـی تر لە رێگەى پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە، بە تەواوبوونی 11 پرۆژەکەی ئاو، 80-82%ـى دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوى سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دهڵێت: بەپێی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا 250 لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک 500 لیترە، بەوەش هاوڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن.
ئاری ئەحمەد، لەبارەى پاراستنی سامانی ئاوەوە گوتی: هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروستبەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر، قاپشۆر، دووش و کەرەستەکانی دیکە، کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، شتێک نییە لە سەرووى تواناى هاووڵاتییانەوە بێت.
ساڵانە بەهۆى فراوانبونی جوڵەى شارستانی و گەورەبونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێکخستنی بوارى بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەى ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت.