هەرێم نیوز
پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە تا ئێستا قەرزەکانی پێشتریان نەداوەتەوە، دەتوانن لەمەودوا بە شێوەی قیستی مانگانە تاوەکو ٢٤ مانگ قەرزەکانیان بدەنەوە، بڕیاریشە یەکەم قیست بخرێتە سەر پسوولەی مانگی ئەیلول کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەردەچێت.
مەرجەکانی قیستکردن بۆ پۆلە جیاوازەکانی بەکارهێنەران
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەم بڕیارە هەلێکە بۆ ئەو هاوبەشانەی کە پێشتر نەیانتوانیوە سوود لە لێخۆشبوونی سەدا ٥٠ی قەرزەکان وەربگرن، تاوەکو بتوانن لە ماوەیەکی درێژخایەندا و بەبێ هیچ داشکاندنێک قەرزەکانیان بدەنەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە ئەم قیستانە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی ڕووناکی و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی دیاریکراودا بدرێن.
لەبارەی ماوە و بڕی قیستەکانەوە، پڕۆژەکە ڕوونی کردووەتەوە:
• پۆلی ماڵان و کشتوکاڵ: ماوەکە تاوەکو ٢٤ مانگ دەبێت بە مەرجێک کەمترین بڕی قیستی مانگانە ٢٠ هەزار دینار بێت.
•پۆلی بازرگانیی بچووک: تاوەکو ١٢ مانگ بە کەمترین بڕی ٢٠ هەزار دینار بۆ هەر مانگێک.
•پۆلی بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: ماوەکە تاوەکو ٦ مانگە و کەمترین بڕیش ٢٠٠ هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک.
ئاماری هاوبەشان و بڕی قەرزەکان لە هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی لێخۆشبوونی سەدا ٥٠دا نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش قەرزەکانیان داوەتەوە، بەمەش لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە، کە یەک ملیۆنیان پۆلی ماڵانن. هەروەها، زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە بڕەکەی لە خوار ٣٠٠ هەزار دینارەوەیە.
ئاماری لێخۆشبوون و ڕێژەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری
پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٦٠ ملیار دینار لێخۆشبوونی کردووە، کە ٣٠٠ ملیاری تەنیا بۆ قەرزی کۆنی کارەبا بووە.
لە ئێستاشدا زیاتر لە سەدا ٩٠ی هاووڵاتییان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بۆ دابین کراوە و، بەپێی نرخە نوێیەکان سەدا ٨٠ی هاووڵاتییان، بەتایبەت کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بە سەردەمی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە پێکەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، دواتریش لە مانگی ئایاردا ئەنجومەنی وەزیران نرخە نوێیەکانی پەسەند کرد، بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.