دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 23/03/2021

پۆرن و دیمەنە ڕووتەکان، پێوەندییە خۆشەویستی و سۆزدارییەکان لەناو دەبەن

د. یووسف خەلیل

لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، نزیکەی 56%ی ئەو هاوسەرانەی پێوەندییەکەیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە، یەکێکیان یان هەردووکیان خوویان بە سەیرکردنی پۆرنەوە گرتووە! د. جیڵ مانینگ، کە ئافرەتێکی پسپۆری بواری پێوەندییە خۆشەویستی و خێزانییەکانە و لەبارەی ئالوودەبوون و لادانە سێکسییەکانیشەوە توێژینەوەی باشی هەن، لە ساڵی 2004دا توێژینەوەیەکی لەمەڕ کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئینتەرنێت بەگشتی و پۆرن و دیمەنە ڕووتەکان بەتایبەتی لەسەر پێوەندییە خێزانییەکان کرد.

ئەوکاتە، کە هێشتا پۆرن بەم شێوە بەربڵاو و ترسناکەی ئەوڕۆ، هەژموونی خۆی بەسەر کایەکانی ڕاگەیاندندا زاڵ نەکردبوو، کەچی ئەنجامی توێژینەوەکەی هەمووانی حەپەسان! توێژینەوەکەی لە ڕێگای کۆکردنەوە و بەدواداچوونی لێدوان و شایەتییەکانی نێو دادگاکانی وڵاتی ئەمریکاوە کردبوو، لەکۆتاییدا دەرکەوتبوو، نزیکەی 56%ـی جیابوونەوەکان، لە تێوەگلانی یەکێک لە هاوسەرەکان بە سەیرکردنی دیمەنە ڕووتەکانەوە سەرچاوەی گرتووە!

لە ساڵی 2011دا، د. کێڤن سکیننەر کە پسپۆری بواری ئالوودەبوون بە پۆرنە، لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی «ئایا پۆرن ساڵانە 500,000 پێوەندیی خێزانی لەنێو دەبات؟!» بەم شێوەیە پەیڤی: «ئەوە شتێکی زۆر ئازاردەر و ڕووخێنەرە کە تۆ بزانیت ساڵانە ئەو ڕێژە زۆرەی خێزان بە هۆی پۆرنەوە لێک هەڵدەبڕێن!» ئەوجا دەڵێت: «دەبێت تۆ وێنای ئەوە بکەیت، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن جیابوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار دەکرێت، ئەگەر وا بێت، 500,000ی ڕێکی ئەو جیابوونەوانە، لە سۆنگەی کاریگەرییەکانی پۆرنەوەیە!» دواتر ڕای خۆیشی دەردەبڕێت و دەڵێت: «گریمان ئەو ڕێژەیە کەمترە و 25%ی جیابوونەوەکان بە هۆی پۆرنەوەیە، بەڵام هێشتا هەر زۆر زۆرە!»

مرۆڤی ژیر ناتوانێت بڵێت، هۆکاری سەداسەدی تاکە بە تاکەی ئەو جیابوونەوانە تەنیا پۆرنە، بێگومان وردە هۆکاری تریان لەپشتەوەیە، بەڵام دەتوانیت بەو ئاکامە بگەیت کە پۆرن و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی، ڕۆڵی سەرەکی لەو گۆڕەپانەیشدا وازی دەکەن. ئاخر جگە لە توێژینەوەکەی دکتۆر مانینگ، دەیان و سەدان توێژینەوەی زانستیی دیکە لەبارەی هەمان بابەتەوە کراون و زۆربەی لێکۆڵینەوەکان هەمان دەرەنجام و بگرە لەوەیش خراپتریان داوە بەدەستەوە.

بەداخەوە تا هەنووکە لە کوردستانی خۆماندا، توێژینەوەیەکی وا شک نابرێت کە قەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو سایتە خراپانە بخاتە ڕوو، بەڵام لە میانەی گلەیی و گازندە و سەرنجی پسپۆرانی ئەو بوارەدا، مرۆڤ زۆر جار گوێی لەوە دەبێت کە بەڵێ، لێرەیش هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوەی لەناکاوی نێوان ژن و مێردان بێمەڵامەت نییە و دوور و نزیک، پێوەندیی بەو بابەتەوە هەیە. ئەو ژن و پیاوانەی لەو بابەتەوە گلاون، هەست بەوە ناکەن زۆر پێویستیان بە یەکدی بێت، جگە لەوەیش مێشک و دەروونیان شتێکی دەست کەوتووە کە بە شێوەیەکی فریودەر،

قەرەبوویەکی ساختەی ڕووخێنەری لەو ڕووەوە بۆ کردوونەتەوە، ئینجا گۆڕانکاریی ڕیشەییشی بەسەر حەز و توانا و تێڕوانینەکانیاندا هێناوە، بۆیە تا دێت زیاتر هەست بە ساردبوونەوەی پێوەندییە سۆزداری و خۆشەویستییەکان دەکەیت و ئەو گەرموڕییەی هێندێک جار لە ڕووکاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەیبینت، پتر ئاماژەی ساردی و کرچوکاڵییەکانی قووڵن، وەک لەوەی نیشانەی خۆشەویستییەکی ڕاست و پێوەندییەکی پتەو بن. 

سەرچاوە: https://www.researchgate.net/publication/247501841_The_Impact_of_Internet_Pornography_on_Marriage_and_the_Family_A_Review_of_the_Researchhttps://www.psychologytoday.com/us/blog/inside-porn-addiction/201112/is-porn-really-destroying-500000-marriages-annually. @buzhanewe  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP