هەرێم نیوز
سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی
كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج
رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.
بەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 6-5-2021 دیندار
زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سزادوانی
بادینان "لە دادگا تاوانبار بوون و دادگا بڕیاری لەسەرداوە و پەیوەندیدار نییە
بە حکومەتەوە."
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت
تەنیا لایەنی جێبەجێکارە بۆ بڕیارەکانی دادگا"، وتبووشی، "لە هەرێمی
کوردستان ئەنجومەنی داوەری و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس
و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە 16ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا
لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەناوەکانی
(شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) بەڕێوەچوو تیایدا بڕیاری شەش ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەمیز)ی بڕیارەكەیان كرد، بەڵام ئەمڕۆ دادگای پێداچونەوە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی پەسەندکرد.