دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 25/06/2021

د.یاسین ساڵح: نەبوونی دەستور لە ٣٠ ساڵی رابردوودا هۆكاری پەرتەوازەیی سیستمی سیاسیە لە هەرێم

پرسی نوسینه‌وه‌ی‌ پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییەكان و شه‌قامی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە،به‌وپێیه‌ی‌ دەستور خۆی په‌یوه‌ندیداره‌ بە سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی،راوبۆچونی جیاوازیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی‌ ماده‌كانی و رۆڵی شاره‌زایان و رۆشنبیران و نوسەران له‌م پرسەدا گرنگی تایبەتی هەیە، (هه‌رێم نیوز) له‌ ته‌وه‌رێكدا له‌باره‌ی‌هەوڵەكان بۆ نوسنەوەی پرۆژەی دەستوری هەریم و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئەم پرسە ، راو بۆچونی رۆشنبیران و نوسەران وەردەگرێت.
لەهەشتەم بەشی تەوەرەكەی هەرێم نیوز،"د.یاسین ساڵح مامۆستای زانكۆ و شرۆڤەکاری سیاسی" بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:

هەرێم نیوز: پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم یەکێکە لەو بابەتانەی کە چەندین ساڵە بۆتە گرێکوێرەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەبڕوای ئێوە ناکۆکی و جیاوازییەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتوە؟

د.یاسین ساڵح: لە راستیدا حزبەکانی کوردستان ناکۆکی جەوهەرییان نیە بەو جۆرەی کە بڵێین بە هۆی جیاوازی ئایدۆلۆژیەوە ناتوانن بگەنە رێککەوتن. رەنگە کێشەکە پەیوەست بێت بە هەژموون و باڵادەستی. یاخود میکانیزمی دیاریکردنی ئەو دەستەی کە هەڵدەستێ بە نوسینی رەشنوسی دەستور. دەکرێ بڵێین یەک لە کێشە سەرەکییەکان پەیوستە بە ناسەقامگیری دۆخی هەرێم و کاریگەرییە دەرەکییەکان. دووەم هۆکار پەیوەستە بە کاریگەری کەسایەتیەکان بەسەر دامەزراوە سیاسیەکان، بەو مانایەی هەرێم نەبووە بەخاوەن دامەزراوەی سیاسی بەهێز، هێشتا سەرکردەکان و هێزە کۆمەڵایەتیەکان رۆڵی بنەرەتی دەگێرن لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا، زۆر جار ناکۆکی سەرکردەکان قەیرانی سیاسی دروست دەکات. رەنگە لە بنەرەتەوە حزبەکانی کوردستان دیدێکی روونیان نەبووبێت بۆ دەستورو سیستمی حوکمڕانی، لەبەرئەوە بە پێی بەرژەوەندی حزبی رایەکانیان دەگۆڕن. 

کێشەیەکی فەلسەفی هەیە ئایا کێ دەستور دادەنێت؟ ئەگەر دەستور دەسەڵاتەکانی حکومەت و دامەزراوە سیاسیەکان لە قاڵبدات، ئایا چۆن خودی دەسەڵات هەڵدەستێ بە نوسینی دەستورێک کەخۆی لەقاڵبدات! کەوابوو دەستور دەبێ هاوڵاتیان بینوسن بەو مانایەی کە هاوڵاتیان نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ نوسینی دەستور و دواتریش بە ریفراندۆم دەبێ هاوڵاتیان قبوڵی بکەن یاخود نا. لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە بکرێ، ئایا دەکری پارلەمان وەک نوێنەرایەتی خەڵک بەو ئەرکە هەستێ؟ وەڵامەکە بەڵێیە، بەڵام رەنگە دیموکراسیتر ئەوەبێت، کە لیژنەیەک کە شەرعیەتیان لەخەڵکەوە وەرگرتبێ هەستن بە ئامادەکردنی رەشنوسی دەستور. یاخود بەلای کەمی ئەو لیژنەی لە پەرلەمان رادەسپێردرێ بۆ ئامادەکردنی دەستور، بخرێنە دەنگدانی پارلەمانەوە و ئاشکرابکرێن بۆ هەموو هاوڵاتیان و خەڵکێکی دڵخواز بن.

هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم لە جێی خۆیەتی، بەڵام دۆخەکە بە گشتی رەنگە زۆر یارمەتیدەر نەبێت. چونکە هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق لەئارادایە.

هەرێم نیوز: بە ڕای شارەزایانی ناوخۆیی و بیانی دەستورێک بۆ ھەرێم دەبێتە بنەماو مەرجەعێک بۆ کۆی ھێزە سیاسیەکان و پێکھاتە ئیتنیەکانی ھەرێمی کوردستان ، بەڵام ھەرێم نزیک بە ٣٠ ساڵە بێدەستورە ! دەمەوێت بپرسم زیانەکانی نەبونی دەستوری ھەرێم چیبوون؟

د.یاسین ساڵح: دەستور بریتیە لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان هاوڵاتیان، ئەم دیدە پەیوەستە بە جان جاک رۆسۆ کە پێیوایە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا رێکبخرێت(ببێت بەخاوەن دەسەڵاتی سیاسی) پێویستە هاوڵاتیان گرێبەستێک لە نێوان خۆیان ئەنجامبدەن بۆ دیاریکردنی ماف وئەرکەکان. واتە هاوڵاتیان بۆخۆیان واز لە هەندێ لە مافەکانیان دێنن بۆ دەسەڵات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا رێکبخرێت. چونکە بە پێی دیدی هۆبز مرۆڤ رەمەکی شەرانگێزی هەیە ئەگەر بێتو دەسەڵاتێکی سیاسی نەبێت فەوزا دروست دەبێت. بەڵام لە هەموو دۆخێکدا خەڵک مافی دیاریکردن و شێوازی حکومڕانی خۆیان هەیە. کێشەیەک سەرهەڵدەدات کەچی بکرێت بۆئەوەی سەربژاردەی سیاسی دەسەڵات نەقۆزنەوە بۆ مانەوەی خۆیان و پێشیلکردنی مافی هاوڵاتیان، لێرەدا گرنگی دەستور بەدەردەکەوێت کە سنوری دەسەڵاتەکانی حکومەت ودامەزراوە سیاسیەکان دیاری دەکات. کەوابوو دەستور پەیوەندییەکان رێکدەخات، پەیوەندی هاوڵاتیان لەگەڵ یەک وە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵات، هەروەها پەیوەندی دامەزراوەکان لەگەڵ یەک.

بە کورتی نەبوونی دەستور لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بووە بە هۆکاری کەموکورتی و پەرتەوازەیی سیستمی سیاسی لە هەرێم، چونکە پەیوەندییەکان روون نین. من لەو بروادام ئەگەر کوردستان لە ٣٠ ساڵی رابردوودا خاوەن دەستوری خۆی بوایە، ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی حوکمڕانیدا بوو. هەم خەڵک وهەم دەسەڵات سنورەکانی خۆیان دەزانی ودەستیوەردان کەمتر دەبوو. لە راستیدا رەنگە زۆر کێشە ناوخۆییەکانی رابردوو روویان نەدابا ئەگەر دەستور هەبا. بۆ نمونە کێشەکانی پەیوەست بە سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی سەرۆکایەتی یا پارلەمانی، یاخود کێشەکانی هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەی دادوەری و یاسادانان. رۆڵی کەسەکان و حزبەکان لەسەروو دامەزراوەکان. هەموو ئەمانە دەگەرێتەوە بۆئەوەی دەسەڵاتەکانیان روون نیە، یاخود بەپێی بەرژەوەندی حزبی گۆرانکاری لە یاساکان دەکەن.    

لەو بروادام ئەگەر کوردستان لە ٣٠ ساڵی رابردوودا خاوەن دەستوری خۆی بوایە، ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی حوکمڕانیدا بوو. هەم خەڵک وهەم دەسەڵات سنورەکانی خۆیان دەزانی ودەستیوەردان کەمتر دەبوو. 

هەرێم نیوز: بۆچونێک ھەیە لەناو ناوەندەکانی میدیاو تەنانەت شەقامی کوردستانیشدا باس لەوە دەکات بونی دەستور ھیچ لە دۆخەکان ناگۆرێت، نمونەی دەستوری عێراق دەھێننەوە و دەڵێن دەستوری عێراق تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە و لایەنە باڵا دەستەکانی عێراق تەنھا ئەو بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆيانە، پرسیارەکەی من بەدیاری کراوی ئەوەیە چ مکانیزم و ئالیەتێک لەناو دەستوری ھەرێمی کوردستان پێویستە کە گرەنتی جێبە جێکردنی بەندەکانی دەستور بکات؟

د.یاسین ساڵح: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. لە سەردەمێکدا بەتایبەت دوای رووخانی بلۆکی سۆشیالیستی و هاتنەئارای چەندان دەوڵەتی نوێی دیموکراسی، چۆنێتی دەستور بوو بە پرسیارێکی گرنگ بۆ شارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەوان جەختیان دەکردەوە کە هەبوونی دەستورێکی لیبراڵ زامنی گەشەکردنی دیموکراسی دەکات. بەو مانایەی بە بێ نوسینی دەستورێکی لیبراڵی، دەوڵەتە نوێکان لە گەشەکردنی دیموکراسیدا سەرکەوتوو نابن. بەڵام دواجار دەرکەوت سەرباری نوسینی دەستوری لیبراڵی کە جەخت لە ئازادی و دەستاودەستکردی دەسەڵات دەکات، هێشتا مەیلی دیکتاتۆری و پاوانکردنی دەسەڵات بوو بە دیاردەیەکی روون لەم ووڵاتانە. چونکە نوخبەی سیاسی بە پێی بەرژەوەندی حزبی و کەسی پابەندی دەستور دەبن.

کەوابوو کلتوری دیموکراسی رۆڵی خۆی هەیە، مومکن نیە کە وڵاتێکی تازە لە بواری دیموکراسیبووندا بتوانێ وەک دەوڵتێکی لیبراڵی وەک فەرەنسا یان بەریتانیا دیموکراسی بێت هەرچەند خاوەن دەستورێکی لیبراڵیش بێت. چونکە نوخبەی سیاسی نایەوێت بە ئاسانی واز لەدەسەڵات بهێنێ، هەربۆیە چەمکێکی دی گەشەیکردووە بە نێوی دەسەڵاتگەرای کێبرکێکار؛ بەواتای هەرچەند هەڵبژاردن دەکرێ، هەرچەند ئازادی رۆژنامەگەری هەیە، بەڵام دواجار دەسەڵات هەر لەدەست حزبێک یان گروپێکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە. هەبوونی دەستور کاتێک گرنگە کە دەسەڵاتی سیاسی پابەند بێت بەکۆی برگەکانی.

کەوابوو هیچ میکانیزم و گرانتییەک نیە کە بتوانرێ لەدەستوردا جێگیربکرێ بۆئەوەی دەستور وەک خۆی جێبەجێبکرێ، چونکە دەستورەکە پێشێلدەکرێ، یاخود تەنها گرنگی بەو بەندو برگانە دەدرێ کە لەبەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدایە. عێراق نمونەیەکی باشە بۆئەوەی ئەم راستییە بسەلمێنین. سەرباری ئەوەی دەستوری عێراق تا ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو دیموکراسییە، بەڵام بە ئاشکرا برگەکانی پێشێلدەکرێ و تەنها ئەو برگانە گرنگی پێدەدرێ کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی شیعەدایە. بە بۆچونی من ئێمەش لە کوردستان رووبەرووی هەمان ئەم کێشانە دەبینەوە، چونکە هێشتا نەبووین بەخاوەن میللەتێکی زیندوو کە پێشیلکاری دەستور قبوڵنەکەین، هەروە‌ها دادگا و دامەزراوەکان ، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی چوارەم و رێکخراوە ناحکومییەکان لە ئاستێکی لاواز و ناکارادان.

سەرباری هەموو ئەمانە، هێشتا من هەبوونی دەستورێک بۆ هەرێم لە نەبوونی بە باشتر دەزانم، بەلای کەمی چوارچێوەیەک بۆ سیستمی سیاسی دادەرێژێت و دەسەڵاتی دامەزراوەکان دیاریدەکات. رەنگە جۆرێک لە سەقامگیری حکومڕانی دروستبکات.

هەرێم نیوز: یەکێک لەو خاڵانەی کەزۆر بۆتە جێگای گفتوگۆ جیاوازی دروستكردوە بابەتی شەریعەتی ئیسلامی و ئازادی پێکھاتە دینی وئاینە جیاوازەكانە بەبروای ئێوە بۆ پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەو ئاینە جیاوازەکان پێویستە ئەو بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟

د.یاسین ساڵح: لێرەدا پێویستە دوو شت لێکتر جودا بکرێنەوە، یەکەمیان پاراستنی مافی کەمینە ئاینی و ئەتنیکییەکان پێویستییەکی بنەرەتیە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رەخساندنی زەمینەی ئاوێتەبوون، و پێویستە بە هەموو شێوەیەک چ لە ئاستی دەستور چ لە ئاستی یاسا و دامەزراوەکان مافیان پارێزراو بێت. ئەمە بابەتێکی جیاوازە لەوەی کە ئایا دەستورەکە پێویستە دەستورێکی سیکولار بێت یان ئاینیی. دەستور پێویستە سیکولار بێت و نەکەوێتە ژێر هەژمونی ئایین. من پێموایە ئەوانەی داوەدەکەن دەستورەکە ئاینی بێت، رەنگە لە جەوهەری دەستور تێنەگەشتبن، ئەگینا ئەوە روونە کە دەستور بریتیە لە یاسای باڵا بۆ بەرێوەبردنی وڵات، واتە یاسای دانراوی دەستی مرۆڤە بۆ پاراستنی پرەنسیپی حوکمڕانی گەل بۆ گەڵ.

لە کاتێکدا ئاین دانراوێکی خوداییە. ئەم دوو بابەتە ناکرێ تێکەڵبکرێن، چونکە کێشە بۆ خودی ئاینەکە دروست دەکات. تەماشاکە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە ئاینیان کردووە بەسەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەت کارەساتیان خوڵقاندووە، بە ناوی ئاین و خودا زوڵم لە هاوڵاتیان دەکەن. مرۆڤایەتی مێژوویەکی رەشی تێپەڕاندووە لە تێکەڵکردنی ئاین و سیاسەت. سەدەکانی ناوەراست شاهێدی ئەو دۆخەن.

خۆشبەختانە لە قۆناغی ئەورۆدا لەناو خودی شرڤەکارە ئیسلامیەکانیشدا ئەو بروایە دروست بووە کە ئاین پەیوەستە بە پەروەردە و رەوشت وەک لەوەی پەیوەست بێ بە سیاسەت و حکومڕانی. جگەلەوە بۆخۆتان دەزانن راڤەو دیدی زۆر جیاواز هەن لەسەر دەقەکان هەر لە ئازادی و مافەکان تا فرەژنی و تەڵاق و شایەدی و تانانەت ریشدانان. رەنگە گونجاو نەبێت لێرەدا بە درێژی باسی ئەو ناکۆکییانە بکرێ کە لە نێو خودی راڤەکارانی ئاینی ئیسلامدا هەیە، بۆ نمونە رەنگە لە هەندێ راڤەی ئاینیدا بە شودانی منداڵ لە تەمەنی نۆساڵ قبوڵکراو بێت هەروەک هەندێ مەلا بانگەشەی بۆدەکەن، بەڵام لە یاسای دانراودا ئەم شتە بریتیە لە پێشێلکردنی مافی منداڵ.

کەواتە بۆچی ئەم کێشەو ناکۆکییانە بچنە ناو دەستورەوە. باشترین شت ئەوەیە دەستورێکی لیبراڵی مەدەنی بێت، مرۆڤەکان ئازادن لە پراکتیزەکردنی ئاین و بیروراکانیان بەو مەرجەی مافی ئەوانی دی پێشیل نەکات، یان روونتر زیانی بۆ ئەوانی دی نەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کێشەکە پەیوەست بێت بەم ناکۆکیە، وەک چارەسەری ناوەند، دەکرێ شەریعەتی ئیسلام وەک یەک لە سەرچاوەکانی یاسادانان بناسرێ نەک وەک سەرچاوەی سەرەکی.

هەرێم نیوز: لەماوەی رابوردودا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکانی کرد بۆنزیک کردنەوەی بۆچونەکان و گەیشتن بە سازانێک لەسەر دەستوری ھەرێم، بەبڕوای ئێوە ئەم ھەوڵانە تاچەند نزیکمان دەکاتەوە لە گەیشتن بەرێککەوتنێک لەسەر پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم؟

سەرباری ئەوەی دەستوری عێراق تا ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو دیموکراسییە، بەڵام بە ئاشکرا برگەکانی پێشێلدەکرێ و تەنها ئەو برگانە گرنگی پێدەدرێ کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی شیعەدایە. 

د.یاسین ساڵح: هەبوونی تەناهی ناوخۆیی و سەقامگیری سیاسی گرنگە بۆئەوەی زەمینەیەکی گونجاو هەبێت بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیرورا. لەبەرئەوە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم لە جێی خۆیەتی، بەڵام دۆخەکە بە گشتی رەنگە زۆر یارمەتیدەر نەبێت. چونکە هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق لەئارادایە. لەکاتی هەڵبژاردن ژینگەی سیاسی بارگاویە بە ناکۆکی و موزایەداتی سیاسی. دیدە حزبی و ئایدۆلۆژییەکان زۆر قوڵدەبنەوە، لەبەرئەوە رەنگە دۆخەکە لەبارنەبێ بۆ نزیکبونەوە و گەشتن بەسازانی نیشتمانی و دواجار رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پرۆژەی دەستور. بۆیە بەرای من رەنگە باشتر بێ کە پرۆسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوابخرێت.

ئەمە بەدەستی کەس نیە وەک وتم لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردن بە تایبەت لەو ناوچانەی کە ترازانی قوڵی حزبی یا تائیفی و ئەتنیکیان تێدایە زەمینەی شەڕ و ناکۆکی زیاترە وەک لە ئاشتی.     



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP