هەرێم نیوز
پاش 12 ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە گوێرەی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاگربەستێکی "سەپێنراو" لە لایەن ئەمریکاوە جێبەجێ کرا.
لە کاتێکدا عەلی خامنەیی لە پەیامێکدا پێشتر ڕایگەیاند: نە شەڕی سەپێندراو قبوڵ دەکەین، نە ئاشتی سەپێندراو.
بە پێی ماددەی 110ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، “ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی و کۆکردنەوەی هێز” لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێبەرە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەبارەت بە ئاگربەست، دیاری نەکراوە کە ئایا عەلی خامنەیی ئەم دەسەڵاتەی داوەتە ئەنجوومەنەکە، یان بە هۆکاری سیاسی و پێگەی خۆی لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵات، خۆی لە دەست تێوەگلانی ڕاستەوخۆی خۆی بەدوور گرتووە.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، لە دوای دووەم وتاری تەلەفزیۆنی ئیتر، لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەرنەکەوتووە، چاوەڕوان دەکرا قسە بکات، بە تایبەت دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستاش هەموو چاوەکان لەسەر پەیام و وەڵامدانەوەکەیەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ خامنەیی، لێدوانەکانی پێشووی سەبارەت بە فەلەستین و ئەمریکا و ئیسرائیل دووبارە بڵاوکردەوە.
[ڕۆژی ڕابردوو لە تەلەفزیۆنی ئێراندا، پێشکەشکار کە بانگهێشتی مەهدی فەزائلی، ئەندامی نووسینگەی خامنەیی کردبوو، پرسیاری دۆخی تەندروستی لێکرد، لە وەڵامدا بەڕوونی باسی دۆخی تەندروستی نەکرد، بەڵکو وتی ئەم نیگەرانییەی خەڵک بایەخدارە و بێگومان ئەوانەشی بەرپرسی پاراستنی خامنەیین ئەرکیان بەباشی جێبەجێ دەکەن و خەڵکیش "ئیشەڵڵا" لەپاڵ ڕێبەردا ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن.]
بێدەنگی عەلی خامنەیی دەتوانێت مانای جیاوازی هەبێت بۆ شرۆڤەکاران و ڕەنگە هەندێک بە نیشانەی ڕەزامەندی لەو ڕێکەوتنە لێکبدەنەوە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە وەک حاڵەتەکانی پێشوو، چاوەڕێی ئەوە بێت کاتێک چارەنووسی ئاگربەستەکە ڕوون دەبێتەوە، ئەوکات هەنگاو بنێت و قسە بکات.
خامنەیی بەردەوام لێدوان و هەڵوێستی توندی هەببووە، ئەگەری زۆرە لایەنگران و نەیارانی هەر ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئاگربەست وەک پاشەکشە لێکبدەنەوە و ڕەنگە ئەو نەیەوێت قسەکانی بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە. لە هەمان کاتدا دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بەردی بناغەی گوتاری سیاسی کۆماری ئیسلامیشە. هەر سەرنجێکی ڕاستەوخۆی لەسەر "ئاگربەست" یان تەنانەت "وەستانی دوژمنایەتییەکان" لەوانەیە مەترسی "خلیسکان بەرەو شەرعیەتدان بە ئیسرائیل" بزانرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران هێشتا دەتوانرێت بە قەڵایەک بۆ حیزبوڵڵا لە لوبنان، گروپە یەمەنییەکان و حەماس هەژمار بکرێت و هەڵوێستی گشتی خامنەیی ڕەنگە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر ئەوەی کە لە “میحوەری بەرخۆدان”دا ماوەتەوە.
هەروەها ڕەنگە بێدەنگی خامنەیی تاکتیکێکی دیپلۆماسی یان پێشەکییەک بێت بۆ "نەرمی نواندنی قارەمانانە" بەرامبەر ڕۆژئاوا. مێژوو دەریدەخات کە لە قەیرانەکاندا خامنەیی بەزۆری بڕیارە ستراتیژییەکان بە دواکەوتن یان لە ڕێگەی دامودەزگا نێوەندگیرەکانی وەک ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە بەبێ وەرگرتنی هەڵوێستی خۆی لە میدیاکاندا جێبەجێ دەکات.