هەرێم
نیوز
پاش
ئەوەی هاوڵاتییەکی توشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەیەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان
شاری هەولێر گیانی لەدەستدا و نەخۆشخانەکە بۆ پێدانی تەرمەکەی داوای 10 ملیۆن
دیناری وەک تێچووی چارەسەری کردووە، لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی
هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی ئەو نەخۆشخانەیە درا و سزای داراییشی بەسەردا
سەپێنرا.
د.ئاسۆ
حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەمڕۆ دووشەممە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،
"لەماوەکانی رابردوودا لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر
حاڵەتێک هەبوو، کە بووە باس و خواسی میدیاکان، ئەویش نەدانەوەی تەرم بوو، گوایە
پارەی تەواوی نەدابوو و پێویستە ئەو قەرزەی لەسەریەتی بیداتەوە بۆ ئەوەی
نەخۆشخانەکە تەرمەکەی بداتەوە، دوای ئەوەی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا چەند
بڕیارێکی گرنگ درا ئەوانیش داخستنی نەخۆشخانەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەپێی یاسا
و رێنمایی، هەروەها پێبژاردنی نەخۆشخانەکە بە بڕی سێ ملیۆن دینار، هەروەها
وەرگرتنی بەڵێننامە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم حاڵەتە".
ئەوەشى
خستەڕو، "حاڵەتی نەدانەوەی تەرم خراپە و بەهیچ شێوەیەک وەزارەتی تەندروستی
قبوڵی ناکات، راستە ئەوانە کەرتی تایبەتن، بەڵام لەژێر یاسا و رێنمایی وەزارەتی
تەندروستی کاردەکەن، ئەمەش بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە ئەم بڕیار و
رێنماییانە زۆر گرنگە و رێنمایی پێویست بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دەرچووە بۆ ئەوەی
کاری لەم جۆرە نەکەن".
ئەم رووداوە
بۆ رۆژی 1-11-2021 دەگەڕێتەوە کاتێک هاوڵاتییەکی شاری هەولێر رایگەیاند،
نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە شاری هەولێر بۆ پێدانەوەی تەرمی زاوایەکیان، کە بەکۆرۆنا
گیانی لەدەستداوە، داوای 10 ملیۆن دیناریان لێکردوون، هەروەها لە ماوەی 32 رۆژدا
45 ملیۆن دیناریان لە نەخۆشەکەیان خەرجکردووە.
لای خۆشیەوە
وتەبێژی نەخۆشخانەکە تایبەتییەکە رایگەیاندوە، کاتێک کەسێک لەنەخۆشخانەکەیان گیان
لەدەستدەدات، "دەبێت پابەندی رێکارەکانی وەزارەت بین و تەرمەکە ببرێتە پزیشکی
داد، نەخۆشخانەکە ناتوانێت راستەوخۆ تەرمەکە بداتەوە. "