دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 01/02/2023

د. عومەر نوورەدینی: پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییە جیهانییانە ئامادە بکات کە ڕوودەدەن

 محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان کۆمەڵێک گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە ئارادایە، و ئەو گۆڕانکارییانە لێکەوتە و دەرەنجام و کاریگەرییان بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ بۆ هەرێم نیوز وتی، ئێستا لەسەر ئاستی جیهان دا کۆمەڵێک گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە ئارادایە، بە تایبەتی لە دوای جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕوونی دەبینرێت، ئەو گۆڕانکارییانەش لێکەوتە و دەرەنجام و کاریگەرییان دەبێت بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە دیقەت لەو وەرچەرخانانە بگرێت و خۆی بۆ ئامادە بکات، هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانە و خۆ گونجانی پۆزەتیڤ پێویستە دەرفەت دروست بکات و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆی.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەڵێت، دوو پرس بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، یەکێکیان ئەوەیە کە چۆن وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستوری بمێنێتەوە، لەهەمان کاتدا چۆن بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی کە بەدەستی هێناوە بپارێزێت و زیاتریش بەدەست بێنێت.

نوورەدینی باس لەوەش دەکات، کە خاڵێکی گرنگ لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی سیاسی بۆ پێکهاتنی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی کراوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، ئەویش پرسی چارەسەرکردنی کێشەی سامانە سروشتییەکان و بودجەیە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بکرێتە دەقی قانوونی نوسراو و بخرێتە ناو قانوونی بودجەوە، بەو ئاراستەیەش هەوڵی باش هەیە و زانیارییەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە گەشبین بین، بەڵام دەبێ هێشتا چاودێری بکەین بۆئەوەی بزانین دەرەنجامەکەی چۆن دەبێ.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە، کە بە پێی یاسا دەبێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵبژاردنیش شەش مانگ زووتر پێویستی بە خۆ ئامادەکردنە، دەبینین پێداویستییەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ئامادە نین و کۆمسیۆن پەکی کەوتووە، هەروەها یاسای هەڵبژاردن ناکۆکی لەسەرە و پەرلەمان کۆنابێتەوە، هەموو ئەمانە پێویستی بەوە هەیە کە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن و لەچوارچێوەی ڕێکەوتنێکی سیاسی تازە دا هەڵوێستی خۆیان یەک بخەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP