دواین هەواڵ

جیهان‌

 18/02/2023

روژنامەیەکی توركیا؛ هۆشداری له ‌بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی بەهێز‌ له‌ ئیستا‌نبوڵ دەدات

هەرێم نیوز

شارەزایانی بواری بومەلەرزەزانیی هۆشدارییانداوە لەوەی، مەترسیی هەیە بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 7 پلەی ڕێکختەر لەشاری ئیستانبوڵی تورکیا بدات کە زیانە گیانیی‌ و مادییەکانی زۆر لەو بومەلەرزەیە گەورەتربێت کە لەسەرەتای ئەم مانگە لەبەشێک لەویلایەتەکانی باشوری تورکیایداو دەیان هەزار قوربانیی لێکەوتەوە.

ئەو پسپۆڕانە دەڵێن: ئەگەری لەسەدا 95 هەیە لەوەی، لەماوەی 70 ساڵی داهاتودا بومەلەرزەیەک بەگوڕی 7 پلەی ڕێکختەریان بەهێزتر لەئیستانبوڵ بدات، هەروەک بەگوێرەی ڕۆژنامەی "حوڕیەت"ی تورکی، لەهەر ئان‌و ساتێکدا بێت ئەگەری ڕودانی ئەو بومەلەرزە وێرانکەرە لەئیستانبوڵ هەیە.

بەوتەی شارەزایان، بومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی ئیستانبوڵ لەڕوی ئەو لێکەوتە ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیانەی لێی دەکەوێتەوە، زۆر لەبومەلەرزەکەی مەرەش زیاتر دەبێت، بەواتایەکی تر، بومەلەرزە خوێناوییەکەی ئەم مانگەی تورکیا تەنها "پڕۆڤەیەک" بوە بۆ بومەلەرزەکەی داهاتوی ئیستانبوڵ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی قەندلی‌و دامەزراوەی توێژینەوەی بومەلەرزەی زانکۆی بۆگازیچی، لەئیستانبوڵ یەک ملیۆن‌و 164 هەزار باڵەخانەو چوار ملیۆن‌و 500 هەزار شوقە هەیەو بەتێکڕا زیاتر له‌سێ كه‌س له‌شوقه‌یه‌كدا دەژین.

بەوپێیە، لەبومەلەرزەیەکدا بەگوڕی 7.5و سەروتر، پێشبینیدەکرێت 13 هەزار باڵەخانە زیانێکی ئێجگار زۆریان پێبگات، 39 هەزار باڵەخانەش زیانێکی زۆریان پێبگات‌و 136 هەزار بیناش زیانێکی مامناوەندیان پێبگات.

پسپۆڕان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ژمارەی ئەو شوقانەی کە پێشبینیدەکرێت لەسیناریۆی بومەلەرزەی 7.5 پلەو سەروتردا زیانێکی زۆریان پێبگات، زیاتر لە211 هەزار شوقەیە، کێشەکەش لەوەدایە 255 هەزار باڵەخانەیان لەپێش ساڵی 1980 دروستکراون، هەروەک 538 هەزار باڵەخانەش لەنێوان ساڵی 1980 تاوەکو 2000 دروستکراون، 376 هەزار باڵەخانەش لەدوای ساڵی 2000 دروستکراون.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئەو ڕاستییەی کە لەسەدا 30 باڵەخانەکان لەدوای ساڵی 2000 دروستکراون مانای ئەوەنییە کە سەلامەتن، وەک لەبومەلەرزەکەی مه‌رەشدا دەرکەوت کە بەشێکیان تەنها چەند ساڵێکە دروستکراون‌و بەرگەی بومەلەرزەشیان نەگرت.

ڕۆژنامەی حوڕیەت باسی لەوەشکردوە، ناتوانرێت مەزەندەی ئەو زیانانە بکرێت کە بەهۆی هەر بومەلەرزەیەکی گریمانکراو لەتورکیا ڕوبدات لێیدەکەوێتەوە، نەوەک هەر لەئیستانبوڵ کە پشکی لەسەدا 50ی ئابوری تورکیای هەیە، ئەوە جگە لەدەرکەوتنی چەند گرفتێکی ناوخۆیی تر، لەسەرویانەوە دروستبونی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP