دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 30/03/2023

بۆچی مێروولە یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین و بەتواناترین زیندەوەری سەر هەسارەکەمان..؟

لوقمان حەوێز

مێروولە یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین و بەتواناترین زیندەوەرەکانی سەر ڕووی هەسارەکەمان، تاکە زیندەوەرە کە دەتوانێت تەنێک بەرزبکاتەوە و بیجوڵێنێت لەگەڵ خۆی کە کێشەکەی تا ڕادەی بیست هێندەی کێشی لەشی خۆی دەبێت، بۆ مەزەندەکردنی ئەمە وەکو ئەوە وایە کە منداڵێکی هەشت ساڵان توانای بەرزکردنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بچوکی هەبێت...

مێروولەکان لە پۆلینکردنی زیندەوەراندا لە پۆلی Arthropoda ن و بەشێکن لە جۆرەکانی مێرووەکان Insects، مێروولەکان پتر لە 12000 جۆری جیاوازیان هەیە بەڵام هەموویان لە خەسڵەتە گشتیەکان هاوبەشن...

سەرسوڕهێنەری و تواناکانی مێروولە لە کارەکانی و لە ژیانیدا بە وردی لە نێو شارەکانی مێروولەدا هەستی پێدەکرێت، هەر شارە مێروولەیەک بە گشتی لە نێوان 20 هەزار مێروولە بۆ 100 هەزار مێروولە تیایدا دەژیت، هەمووشیان لەلایەن یەک شاژنە مێروولەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەو تاکە شاژنە ئەوەندەی هەیە لە ماوەی ژیانیدا کە یەکسانە بە ماوەی ژیانی شارە مێروولەکە لە هەموو کاتەکاندا کۆنتڕۆڵی ئەو هەموو دەیەها هەزار مێروولەیە دەکات بەبێ هیچ کێشەیەک، هەندێک جار شاژن چەندەها ساڵ دەژیت و لەو ماوەی ژیانیشیدا ملیۆنەها بەچکە مێروولە دروست دەکات...

مێروولە گوێچکەی نیە بەڵام هەست بە فریکوێنسی هەموو دەنگەکانی دەوروبەری دەکات لەڕێگەی هەندێک موە ڕێشاڵی ورد کە لەسەر قاچەکانیدا هەن، لەو ڕێگەیەوە هەست بەو دەنگانە دەکات کە زیندەوەرەکانی تری دەوروبەری دروستی دەکەن لەسەر ڕووی زەوی بە وردی ئەوانەی نزیکن لە خۆیان، لە ڕاستیدا ئەو ڕیشاڵە موییانە زۆربەی لەشی مێروولەی داپۆشیوە و پێی دەووترێت setae، ئەوانەی تر کە لەسەر لەشیدان وەکو هەستەوەر کاردەکەن بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی پێکهاتە کیمیاییەکانی دەوروبەریان کە لەهەوادا هەن، مێروولە سیەکانی نیە بۆ هەناسەدان بەڵام لە ڕێگەی کونی بچوک کە لەسەر هەموو لەشیدا هەیە هەوا دەچێت ژوورەوە و لەو ڕێگەیەوە ئۆکسجین لە هەوا وەردەگرێت...

لە نێو هەر یەکێک لە شارەکانی مێروولەشدا سێ جۆر مێروولە هەن، ئەوانیش شاژن کە یەک دانەیە، لەگەڵ نێرینەکان و مێینە کارکەرەکان، نێرینەکان و شاژنیش باڵیان هەیە، کاری نێرینەکان تەنیا پیتاندنی هێلکەکانی شاژنە و بە دەگمەن دەچنە دەرەوەی شارە مێروولەکە، مێینە کارکەرەکانیش کاریان کۆکردنەوەی خۆراک و پاراستنی شارە مێروولەکەیە، هەندێک جاریش هێرش دەکەنە سەر شارە مێروولەیەکی تر ئەگەر نزیک بوو لێیان بۆ بردنی خواردنەکانیان و دواتر دزینی هێلکەکانیان، ئەگەر هێلکەکانیان بردن ئەوا دەیهێننەوە شارەکەی خۆیان و هەڵیان دەگرن و تا دەپیتێن دەیانپارێزن، دوای دەرچوونیان دەبن بە موڵکی ئەو شارە مێروولەیە، مێروولەی یەک شار قەت شەڕ ناکەن، بەڵام کە شەڕی کرد لەگەڵ مێروولەی شارە مێروولەیەکی تر هەموو کاتێک شەڕەکە تاوەکو مردنە، دەبێت یەکێکیان ئەوی تر بکوژێت ئینجا شەڕەکە کۆتایی دێت واتە تا یەکێکیان نەمرێت ئەوەی تر هەرگیز کۆڵ نادات...

هەموو مێروولەیەک ئەوەندەی دەجوڵێتەوە پێکهاتەیەکی کیمیایی دوای خۆی جێدەهێڵێت کە پێی دەووترێت pheromone.trail کە تایبەتە بە مێروولەکانی ئەو شانەیە و دەبێتە ڕێ نیشاندەرێک بۆ ناسینەوەی ڕێگای خۆی و ئەوانی دوای خۆی دێن...

زۆربەی جۆری مێروولەکان دوو چاوی ئاڵۆزیان هەیە، هەریەکەیان لە نێوان 500 بۆ 600 چاوی زۆر بچوکتریان تێدایە کە پێیان دەووترێت ommatidia، لە ڕێگەی ئەو دوو چاوە ئاڵۆزەوە مێروولە دیمەنێکی ئەو تەنەی کە لە بەرامبەریەتی دروست دەکات و دەیبینێت، بەڵام هەست و هەستەوەرەکانی مێروولە بۆ پێکهاتە کیمیاییەکان و فریکوێنسی دەنگەکان زۆر بەهێزترە لە هەستی بینینی، لەو ڕووەوە بەڕاستی توانای مێروولە زۆر سەرسوڕهێنەرە، چونکە هەر مێروولەیەک بەو بچوکیەی خۆی وەکو تاقیگەیەکی کیمیاییە بۆ پشکنینی پێکهاتە کیمیاییەکانی نزیک لە خۆی، هەروەها وەکو ڕادارێکی بچوکی فریکوێنسیەکانی دەنگ و لەرەلەرەکانی دەوروبەری خۆیەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP