دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/05/2023

رۆڵی کورد لە خولى دووەمی هەڵبژاردنەکانى تورکیادا

دواى ئەوەی لە 14 ئایاردا هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتى کۆماری تورکیا نەیانتوانى سەکەوتن بەدەست بهێنن، هەڵبژاردنى دواخر بۆ خولی دووەم کە دەکەوێتە 28 ی هەمان مانگ، واتە دواى 14 رۆژ لە هەڵبژاردنى یەکەم هەڵبژاردنى دووەم دەکرێتەوە، بۆ ئەوەى بزانرێت کێ دەیباتەوەو دەبێتە سەرۆک کۆمارى نوێى تورکیا، ئاخۆ ئەردۆگان کە ڕێژەى 49.51%ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و کلیچدار ئۆغڵۆش و 44.88% ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سەرەڕای زۆرینەى پەرلەمانى کە لاى ئەردۆگان و حیزبەکەیەتى دەیباتەوە یان بەپێچەوانەوە دەبێت و ئەوەى کە لەم گەڕى دووەمدا ڕوودەدات هەموو هاوکێشەکان ئاوەژوو دەکاتەوە؟

ئاخۆ رۆڵی کوردەکان چی دەبێت و دەتوانن کلیلی کۆشکی کۆمارى بەدەست کێوە بدەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەشێکی زۆر لە میدیا تورکی و عەرەبی و بگرە بەشێک لە جیهانیەکانیشی سەرقاڵ کردوە، پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە ئاخۆ کاندیدی سێیەم (سینان ئۆغان)  کە 5.17% ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە لەم خولەدا دەنگەکانى دەخاتە پاڵ کام لەو دوو کاندیدە بەهێزە؟

کورسیەکانى پەرلەمانى تورکیا 600 کورسییە، ئەردۆگان و حیزبەکەى 321 کورسیان مسۆگەر کردوە، هاوپەیمانى گەل بەسەرۆکایەتى کلیچدار ئۆغڵۆ 213 کورسى و هاوپەیمانى کارو ئازادیش 66 کورسی.  

شارەزایانى هەڵبژاردنەکانى تورکیا باس لەوە دەکەن کە بەڕێژەى 3%ى دەنگى هەر لایەک ئەگەرى گۆڕانکاریی هەیە، ئەگینا ئەوەى هەیە دەنگی کۆتایی و چەسپیوی هەرلایەکە، بەو پێیەش بێت دووبارە هەردوو کاندید دوبارە دەچنەوە نێو کێبەرکێی توند. هەربۆیە شارەزایان باس لەوەش دەکەن سەرەتاکانى لادانەوە بەرەوە ئۆغان سەرى هەڵداوەو هەریەکەیان خوازیارى ئەوەیە سەرنجی بۆ خۆیان رابکێشن.
توێژەر و ڕاوێژکاری سیاسی تورک مەحمود عەلوش باسى لەوە کردوە کە نزیککەوتنەوەى کڵیچدار لە ئۆغان کارەساتى دیکەى بەدوادا دێت و پێدەچێت کوردەکان لەخۆی دوور بخانەوە ئەوەش دەبێتە هۆی کومبونەوەى دەنگەکانى نەک زیاد کردنیان، بەڵام هێشتا رون نیە ئاخۆ کوردەکان لەوە تێنەگەشتوون کە یارییەکە لە کۆتاییدایەو ئەگەر بیانەوێت ئەردۆگان بخەن دەبێت قوربانى گەورەى بۆ بدەن و گوێ بەهەندێک کێشە نەدەن و وەک دەڵێت پەنا بۆ پەلکە پوشیش ببەن. لەبەر ئەوەى دەنگی ئۆغان پشت بە نەتەوەپەرستەکانى تورک دەبەستێت و ئەوەش گەورەترین کێشەى کوردەکانە و بەردەوام وەک نەتەوە خۆیان بە قوربانى ئەو ململانێ نەتەوەییە دەزانن کە نەتەوە پەرستەکانى تورک ڕابەرایەتیانکردوە.

لە لایەکی ترەوە بونى حیزبێکی کوردى (با بچوکیش بێت) لە باکوری کوردستان پشتیوانى لە ئەردۆگان و حیزبەکەى بکات و کەوەک شارەزایان باسی دەکەن درێژکراوەى (حزب الله) ى تورکیایە کە لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابوردودا لە کوشتنى ڕۆڵەکانى کورد دا تێوە گلابوون ، پارتى بانگەوازی ئازاد –یان هەدی بار – کە لە 2012 دامەزراوە و چالاکیەکانى دەکەوێتە ناوچەى باشورى رۆژهەلات و رۆژهەلاتى ئەنادۆڵ، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ڕێژەى دەنگەکانى ئەو پارتە لە نزیکەى 1%ى دەنگەکانى تورکیادایە و ئەو ڕێژەیەش کاریگەریی دەبێت لەسەر سەرخستنى ئەردۆگان کە ئەوان لەڕووى ئاینى و مەزهەبییەوە بۆخۆیان مسۆگەریان کردوە.

شارەزایان باس لەوەش دەکەن لەبەرامبەر ئەو پارتەدا گروپەکەى فەتحوڵاگولەن کە بەناوى –خزمەت- کارەکانیان دەکەن و خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەکەى ئەردۆگانن، لەبەر ئەوەى لەسەردەمی ئەردۆگاندا گەورەترین دژایەتیان کراوە، کۆمپانیاکانیان دەستی بەسەردا گیراوە، قوتابخانەکانیان داخراوە، کەسایەتیەکانیان لەنێوان زیندانى و راوەدونان و دەرکردندا دەناڵێنن، فەتحوڵاگولەن بە بێ ئەوەى دەستى هەبوبێت لە کودەتا سەرنەگرتوەکەى تورکیادا کەچی ئەردۆگان کردیە ملی ئەوو لایەنگرەکانى ڕاپێچ زیندان کرد. هەربۆیە ئەم شانسەش بۆ کلیچدار ئۆغڵۆش هەروایەو مسۆگەرە.

رۆژنامەى (خەبەر تورک)  کوردەکانى تورکیای دابەشى سێ زۆن بوون، کوردە سەوزەکان ئەوانەن کە خەریکی خەباتى مەدەنین و دەیانەوێت لەڕێگەى حیزبی دەسەڵاتدارەوە بەشێک لە مافەکانیان دەستەبەر بکەن و ئەمانە لەنێو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا بە خیانەتکار و دەوڵەتى و هەندێکجاریش بە جاش و سیخور ناویان دێنن، بەشێکی تریان کوردە سورەکانن کە مەبەست لەمانە هەموو ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە لەنێو پرۆژەکەى ئەردۆگاندان نین و زیاتریش مەبەستیان ئەندام و لایەنگرانى پەکەکەو هەدەپە و ئەوانەى ترە کەئەردۆگان بەمەترسی بۆ سەر پرۆژەى نەتەوەیی کورد وێنا دەکەن، هەرچى گروپى سێیەمیشە ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە پێیان دەگوترێت کوردی سپی کە مەبەستیان لەو کوردانەیە کە ئەندام و لایەنگرى پارتەکەى فەتحوڵا گولەنن و لەژێر ناوى خزمەتدا کارەکانیان دەکەن و بە توندی لەدژى پرۆژەکانى ئەردۆگان وەستاونەتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا نەبونەتە لایەنگریى هەدەپە و پەکەکە کە خاوەنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی نزیک لە چەپگەرایین.

هەرچۆنێک بێت، کورد بە هەموو رەنگ و دەنگەکانیەوە کاریگەری گەورەى لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت و ئەمجارەش سەرۆکەکانى تورکیا ناتوانن پەراوێزی بخەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەوری ڕەشى بەدگومانى کورد ئاسمانى دونیابینیانى بەرنەداوەو گومانیان وایە هەر لایەکیان سەرکەون کە تورکن(کورد هەر بارى چل مەن دەبێت).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP