دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/05/2023

بەفەرمی وادەی دەنگدان لەسەر بودجەی عێراق دیاریکرا

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی رۆژی شەممەی داهاتوی وەک وادەی پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجە دیاری کرد.

دوای کۆبوونەوە و دانیشتنێکی چوار کاتژمێری لە نێوان محەمەد حەلبوسی سەرۆک پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو وەک وادەی پەسەندکردنی بڕگەکانی بودجە دیاری کرا.

ئەمەش لە کاتێک دایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆتا بڕگەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر درا و محەمەد نوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەنها پێنج بڕگەی بودجەی ئەمساڵ ماوە پەسەند بکرێت و ئەو بڕگانەی ماون بریتییە لە بودجەی گواستنەوەى پشکی هەرێم، هەروەها تەنها لە ماوەی پێنج رۆژی دیکە ئەوانەش دەنگیان لەسەر دەدرێت.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP