دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

دوو ئەندامى نوێى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێم سوێندیان خوارد

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی پێنج ئەندام کۆبوەوە و دوو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران سوێندیان خواردوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە،  پێنج دادوەر ئامادەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی دادوەری بون کە تایبەت بوە بە سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان و دو ئەندامەکە سوێندی یاساییان خواردوە کە پێکهاتون لە عەلی بەندی و کامەران نەشئەت بەکر لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان".

بە گوێرەی زانیارییەکان، عەلی بەندی لە شوێنی جوتیار عادل دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و کامەران نەشئەت لە شوێنی سەباح عەبدوڵا قاسم دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.

کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە بۆ تەواوبونی رێژەی یاسایی پێویستی بە ئامادەبونی ئەندامانی (3/4)ی ئەندامانی هەیە، واتا لە کۆی هەشت دادوەر دەبێت شەش دادوەر ئامادەی کۆبونەوەکە ببن، بەڵام لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا پێنج دادوەر ئامادەبون.

بەگوێرەی بڕگەی دوەمی مادەی 33 لە یاسای ژمارەی 23ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستاندا ئەنجومەنی دادوەری بۆ کۆبونەوە پێویستی بە ئامادەبونی ئەندامانی (3/4) هەیە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP