دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند،  بەمەبەستی داکۆکیکردن لە مافی جوتیاران و گەیاندنی ناڕەزایەتیەکانیان سەبارەت بە رێگەنەدان بەرۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و وەرگرتنی بڕێکی سنوردار لەبەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێم، سبەینێ شاندێکی وەزارەتەکەی سەردانی بەغدا دەکەن.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "بەمەبەستی داکۆکی کردن لە مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم و ڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازاڕەکانی ناوەراست و خواروی عێراق، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و بەیانی بەشداری دەکەن لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق بە سەرۆکایەتی د.فوئاد حسێن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەسوپاسەوە چەند ڕۆژێکە لەگەڵمان لە هەماهەنگی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جوتیاران، لەرێگەی شاندەکەی وەزارەتمان نوسراوێکی فەرمی ناڕەزایەتی و داواکاریمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق کردوە، لەسەر بابەتی دیاریکردنی ئەو ڕێژەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە بڕی 375 هەزار تەنە، داوامانکردوە بە هەمانشێوەی شارەکانی تری ناوەڕاست و خواروی عێراق بێت ".

باسی لەوەش کردووە، "لەسەر بابەتی رێگریکردن لەڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق نامەیەکی ناڕەزایەتی و داواکاری دەگەیەننە ئەنجومەنی وەزاری ئابوری، بەسوپاسەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەن رەزامەندیاندا لە سەر بەشداریکردنی نوێنەرایەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لەو کۆبونەوەیە بە ئامانجی گەیاندنی کێشە و داواکارییەکانی جوتیاران و پەیامی وەزارەتمان ".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP