نوسینگەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا، ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا زیاتر لە ٦٥ ملیۆن بەرمیل بووە.
نوسینگەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەناردەی نەوتی خاوی عێراق و بەرھەمەکانی بۆ ئەمەریکا لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٦٤ ملیۆن و ٧٣٧ ھەزار بەرمیل، کە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە ڕێژەی ٣٣.٥٪ زیادیکردووە ، کە لەوکاتەدا تەنھا ٤٨ ملیۆن و ٤٥٩ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی ئەمریکا کراوە، کە ئەو رێژەیەش بە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ١٣٩٪ زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزترین ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە مانگی شوباتدا بووە کە گەیشتووەتە ١٢ ملیۆن و ١٦٨ ھەزار بەرمیل، کەمترین ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوتیش لە مانگی حوزەیراندا بووە کە گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و ٣٣٠ ھەزار بەرمیل.
عێراق نزیکەی ١٠٪ی ھەناردەی نەوتی خۆی ساڵانە بۆ ئەمریکا ھەناردە دەکات، ھەروەھا لەو ١٠ وڵاتەش ھەژماردەکرێت کە نەوت ھەناردەی ئەمریکا دەکەن، شانبەشانی کەنەدا و مەکسیک و سعودیە.