دواین هەواڵ

ئابوری‌

 08/09/2023

تورکیا داوایی 956 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەکات

هەرێم نیوز

تورکیا لەسەر دۆسیەی راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان لە دادگایەکی ئەمریکا سکاڵایەکی لەسەر حکومەتی عێراق تۆمارکرد و داوای نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات.

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە راپۆرتێکی لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی عێراق پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی تورکیا لە دادگەی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە و تێیدا داوا دەکات، نەک تەنیا هیچ پارە بە عێراق نەدات، بەڵکو دەڵێت، پێویستە بەغدا 956 ملیۆن دۆلاری پێ بدات.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا دەبێت نزیکەی 206 ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عێراق.

پارێزەرانی تورکیا عێراق تۆمەتباردەکەن بەوەی دادگاکانی ئەمریکا وەک ئامڕازێک بۆ سکاڵاکانی دژی تورکیا بەرکاردەھێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمجارە ئەوانیش لە دادگاکانی ئەمریکاوە سکاڵا دژی عێراق تۆماربکەن و داوای قەرەبوو بکەن.

تورکیا دەڵێت، دوای هەژمارکردنی سوودی سەر قەرزەکان بە پێی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، عێراق 2.6 ملیار دۆلار قەرەبووی بەردەکەوێت و تورکیاش 3.5 ملیار دۆلار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP