دواین هەواڵ

عێراق‌

 19/09/2023

سودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بریکاری وەزیرى گەنجینەی ئەمریکا کۆبوویەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ لە نیویۆرک سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و داوا لە محەمەد شیاع سودانی کرا هاوکاری هەرێم بکات. دوێنێ شەویش سودانى لەگەڵ بریکارى وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا کۆبوویەوە و جەخت لەسەر هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ عێراق کرایەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە بەردەوامی بەهێزکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و رێککەوتنی ستراتیژی کردەوە.

وەیری دەرەوەی ئەمریکا هانی حکومەتی عێراقی دا کە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەردەوامی سەرچاوەکانی وزە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە تورکیاوە کردەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەیاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و خۆڕاگری لەو ناوچەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە،شەوى ڕابردوو، سودانى لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوویەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەوی ڕابردوو (محەممەد شیاع سوودانی) سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، (بران نیلسۆن)کۆبووەوە.

مەبەستی کۆبوونەوەکەی لەسەر میکانیزمەکانی هاوکاری نێوان عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کرد، هەروەها پێداچوونەوە بە ئەولەویەتەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابووری و کارگێڕییەکان کە دەکەونە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، حکومەت چەند ڕێکارێکی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق گرتووەتەبەر لە جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی، کە بە کلیلی چاکسازی ئابووری دادەنرێت،لە گەیشتن بە ئامانجەکانی حکومەت.

هەروەها وتیشی: حکومەت لە ڕێگەی پاکێجێک پشتگیری کەرتی تایبەت دەکات، جگە لەوەی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکانی بۆ دابین دەکات لە بودجەی فیدراڵی بۆ ئەو سێ ساڵە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP