هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024 راگەیاند. قوتابییانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، ئەوانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکە ئەنجامەکانتان وەربگرنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە ئەنجامی زانکۆلاین رایگەیاند، هەموو ئەو خوێندکارانەی ئەمساڵ فۆڕمیان پڕکردووەتەوە وەرگیراون.
د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندن باڵا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمساڵ هاوشێوەی سێ ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو خوێندکارانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە وەرگیراون.
د.خەتاب ئەحمەد راشیگەیاند، پیرۆزبایی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە دەرچووانی پۆلی 12 دەکەن کە ئەمساڵ ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023 -2024) رادەگەیەنرێت.
پێشتر وەزارەرتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بە هەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان 47 هەزار و 626 دەرچووە، رادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردبوو.