دواین هەواڵ

وەرزش‌

 06/12/2023

ئێمە دروستکەری قەیرانی ئیریک تین هاگ نین

هەرێم نیوز

"مانچستەر ئیڤین نیوز" وەک میدیای ناوخۆیی شاری مانچستەر، ساڵانێکی زۆرە بەرپرسیارە لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی مانچستەر یونایتد و مانچستەر سیتی.

لە نێو پەیامنێرانی ئەم میدیایە، ساموێل لۆکهێرس نزیکترین کەسە لە مانچستەر یونایتد. ئەو پەیامنێرەی پێش هەمووان دوورخستنەوەی لویس ڤان خال و دانانی خۆزێ مۆرینیۆی پشتڕاستکردەوە و لانی کەم لە باسکردنی هەواڵە پەراوێزییەکان بە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو دادەنرێت.

دوێنێ لۆکهێرس لەگەڵ هەندێک لە پەیامنێرانی "سکای و میرەر و ئی ئێس پی ئێن" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی مانچستەر یونایتد لە دەستی ئێریک تێن هاگ دەرچووە. لە کاردانەوەیەکی تونددا، یانەی مانچستەر یونایتد، لۆکهێرس و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەسەر تێن هاگ ڕاپۆرتیان دابوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەو پیاوە هۆڵەندییە دورخرانەوە.

"مانچستەر ئیڤین نیوز" کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە هەواڵی چەند کاتژمێری ڕابردوو، کە دەتوانن لە خوارەوە بیخوێننەوە: مانچستەر یونایتد هێمای شاری مانچستەرە. جێی شانازیمانە هەواڵەکانی ئەم یانە سات بە سات ڕووماڵ بکەین، بەڵام لەلایەن مانچستەر یونایتدەوە پارەمان پێنادرێت. کاری ئێمە ڕووماڵکردنی ئەو هەواڵانەیە کە بۆ خوێنەرانمان گرنگن و ئەوەش یانە گەورەکەمان دەگرێتەوە. ئێمە هیچ شتێکی ناڕاست بڵاو ناکەینەوە و هەموو ڕاپۆرتەکانمان سەرچاوە و پشکنینیان بۆ کراوە. بەرپرسیارێتی ئێمە بەرامبەر بە خوێنەرانمان وا دەکات کە ئێمە بە ڕاستگۆیی ڕاپۆرت بدەین. هەر بۆیە بڕیارەکەی مانچستەر یونایتد بۆ سڕکردنی پەیامنێری باڵامان جێگەی نیگەرانییە. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی نزیک و گەرممان لەگەڵ ئۆڵدترافۆرد هەبێت.

کاتێک دەستمان کرد بە ڕووماڵکردنی ئەم یانەیە ناوی نیوتن هیس بوو. کاتێک ڕووداوەکەی میونشن ئەستێرە درەوشاوەکانی شارەکەی لێبردین، تۆم جاکسۆن - پەیامنێرەکەمان - لە نێو کوژراوەکاندا بوو. لە سەرەتاوە تا گۆڕینی خاوەندارێتی لە ساڵی ٢٠٠٥ هەرگیز لە ڕووماڵکردنی مانچستەر یونایتد نەوەستاین. مانچستەر یونایتد بەشێکە لە ژیانی شارەکەمان...ئێمەش هەرواین ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە ڕوودەدات.

بەپێچەوانەی ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پەیامنێرێک بە ئێریک تێن هاگ-ی وت، نامانەوێت یونایتد لە قەیراندا ببینین. زۆرێک متمانەیان بە پەیجەکانمان هەیە بۆ ئەوەی فۆڵۆوی مانچستەر یونایتد بکەن.

پەیامنێرەکانمان لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا پرسیاری هەواداران دەکەن. دروست نییە لەسەر ڕاپۆرتێک کە ئێمە پێمان وایە ڕاستە، لە کارەکەی دووربخرێتەوە. بەڵام دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ یونایتد بپارێزین.

ڕۆڵی ئێمە وەک هاوڕێیەکی خەمخۆر دەمێنێتەوە و پەسەندکردنی ئێمە ئەوەیە کە لەم بابەتەدا بڕۆینە پێشەوە. ئێمە پێشنیار دەکەین کە مانچستەر یونایتد لەبری ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئەو پەیامبەرە، چاو لە خۆی بکات بۆ ئەوەی سەرچاوەی مشتومڕ و قەیرانەکانی بزانێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP