دواین هەواڵ

وەرزش‌

 10/12/2023

توخێل سورە لەسەر گواستنەوەی ئاراوخۆ

هەرێم نیوز 

یانەی بایرن میونشن و تۆماس توخێل هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی ڕۆناڵد ئاراوخۆ ڕابکێشن و بیگوازنەوە بۆ میونشن.  هەرچەندە باڤارییەکان تاکە یانە نین کە ئارەزووی ئەم بەرگریکارە ئۆرۆگواییە دەکەن، بەڵام  بەرگریکارەکە بڕیاری مانەوەی لەم یانەیە داوە.

 پێشتر فلۆرین پلێتنبێرگ لە تۆڕی سکای ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، بایرن میونشن بەنیازە بە هەموو شێوەیەک گرێبەست لەگەڵ ئاراوخۆ بکات و بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی یانەی بەرشەلۆنە دەکەن بۆ ئەم بەرگریکارە تەمەن 24 ساڵە.  گرنگیدانەکە ئەوەندە جددییە کە تۆماس توخێل بەڕێوەبەری وەرزشی بایرن میونشن و کریستۆف فرۆند ڕۆژی هەینی پەیوەندییان بە ئاراوخۆوە کرد بۆ ئەوەی پلانەکانیان بۆ یاریزانەکە ڕونبکەنەوە. 

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا توخێل بە ئاراوخۆی وتووە کە حەز دەکات بە زووترین کات لە تیپەکەیدا بیبینێت و پێی باشە لە گواستنەوەی زستانە یان لە هاوینی ٢٠٢٤دا گواستنەوەکە ڕووبدات.  ئێستا دوای دۆڕاندنەکەی ڕۆژی ڕابردوو بەرامبەر فرانکفۆرت بە ئەنجامی ٥-١ ،کارگێڕی بایەرن میونشن زۆر بە جددیتر سەیری ئەم گواستنەوەیە دەکەن.

 پەیوەندی بایرن میونشن لەگەڵ ڕۆناڵد ئاراوخۆ

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، ڕاستییەکە ئەوەیە کە بایرن زۆر جدییە لە گواستنەوەی ئاراوخۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی مووچەی ئێستای بەشێوەیەکی بەرچاو.  ئاراوخۆ سەرەتا ئەگەری جێهێشتنی بەرشەلۆنەی لە پەنجەرەی زستانەدا ڕەتکردەوە، بەڵام پەیوەندیکردن بە پاڵەوانی بۆندسلیگا لەم هاوینەدا هێشتا بژاردەیەکە.  پارە بۆ ئاراوخۆ پرسێکی گەورە نییە و ئەوەی وەسوەسەی بۆ دروست دەکات لایەنی وەرزشییە کە وای لێدەکات زیاتر ئارەزووی گواستنەوەی بۆ تیپێکی تر بکات زیاتر لە هەموو شتێک.  ئەم بەرگریکارە شەڕکەرە زۆر حەزی لە ڕکابەرییە و دەیەوێت لە ژیانی وەرزشیدا چەندین نازناو بەدەستبهێنێت.  ساڵانە بایرن میونشن بە یەکێک لە پاڵێوراوانی سەرەکی بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دادەنرێت.  تەواو ڕوونە کە پڕۆژەی بایرن میونشن چەند هەنگاوێک لە پێش بەرشەلۆنەدایە و کەتەلۆنیەکان هێشتا لە گەشەکردندان و لە قۆناغی گواستنەوەدان.  هەر بۆیە ئاراوخۆ دەیەوێت لەم وەرزەدا پێشکەوتنی بەرشەلۆنە ببینێت، چونکە هەست بە باشی دەکات لەم یانەیەدا، بەڵام دەیەوێت پێشکەوتن و پەرەسەندنی بەرشەلۆنەش ببینێت.
 بایرن تاکە یانە نییە کە پرسیاری لەبارەی نرخی  ئەو یاریزانە کردبێت، مانچستەر یونایتد دوو ئەوەندەی مووچەی ئەو یاریزانە پێشکەش دەکات کە لە بەرشەلۆنە بەدەستی دەهێنێت.  لە ڕاستیدا هەموو یانە گەورەکان جگە لە ڕیاڵ مەدرید بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەم بەرگریکارە دەکەن.  بەڵام بۆ بەرشلۆنە شتێکی سروشتییە کە ئاراوخۆ ئۆفەری گەورەی پێشکەش بکرێت بەهۆی کوالیتی بەرز و تەمەنی گەنجیەوە.  بێگومان ئەوان تەواو ئارامن سەبارەت بە مەرجەکانی بەرگریکارەکەیان چونکە گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٦ هەیە و بڕگەی کۆتاییهێنان بە یەک ملیار یۆرۆ لە گرێبەستەکەیدا دانراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP