د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان
بەداخەوە زۆربەی خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان وانەی وەرزشیان فەرامۆشکردوە، کاتێکی زیاتر دراوە بەوانە ئەکادیمییەکان و وەرزشکردنێکی ڕێک و پێکی بەبەرنامە بوونی نییە. ساڵانی یەکەمی خوێندن بەتایبەتی، مامۆستایان پێویست دەکات ڕۆژەکەیان لەگەڵ خوێنکاراندا دەست پێبکەن بە ١٠-٢٠ خولەک لەوەرزش. وەرزشێک کە هەردوو جۆری( جوڵەو کۆشش) لەخۆبگرێت.
هەروەها لەناوەڕاستی ڕۆژەکەشدا پێویست دەکات هەمان کات و هەمان دووجۆرەکەی وەرزش کەئاماژەمان پێکرد دووبارە بکرێتەوە. جوڵەکانی وەک (ڕاکردن، بازهەڵدان) لەگەڵ (پاڵنان و ڕاکێشان) دەبێتە هۆی بەئاگاهێنانەوەو ڕێکخستنی کۆئەندامی دەمار بۆ زیاتر تەرکیزکردن و فێربوون. جوڵەی تەندروستانە کۆئەندامی دەمار بەئاگادەهێنێتەوەو دەبێتەهۆی زیادکردنی تەرکیز بەڵام کۆشش کردن(واتە ئەرککێشان و ئارەق کردنەوە) دەبێتەهۆی ڕێکخستنی کۆئەندامی دەمار لەڕێگەی دەردانی ماددەکیمیاییەکانی سترێس و ڕێکخستنی گوازراوەدەمارییەکان بەتایبەتی سیرۆتۆنین. وەرزش کردن دەبێتەهۆی هێوربوونەوەی منداڵە فرەجوڵەکان و بەئاگاهێنانی منداڵە خاوو کەم چالاکەکان.
چالاکیە وەرزشییەکان بەسودن بۆکەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و میکانیزمێکی گونجاوە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی سترێس.
چالاکییە وەرزشیەکان بەباشترین ئامرازی چارەسەر هەژماردەکرێن بۆ زۆرێک لەکێشەکان بەتایبەتی لەتەمەنی منداڵی، بەڵام بەداخەوە زۆرگرنگی پێنادرێت و فەرامۆش کراوە.