دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 4 هەفتە

فواد حوسێن:ئەمریکا لە بونیادنانەوەی عێراق هاوکار دەبێت

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەگای سەرەکی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی عێراق کرد. پێکەوە باسیان لە چەند پرسێک کرد کە جێگەی بایەخی هەردوولان. 

لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا لەپاش کۆبوونەوەکە، ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند "خۆشحاڵین بەسەردانى وەزیرى دەرەوەى عێراق بۆ ئەمریکا و چاوەڕوانى سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراقین کە بڕیارە رۆژى 15ى نیسان سەردانى ئەمریکا بکات".

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا روونیکردەوە "کۆبوونەوەى ئەمڕۆمان بەشێکە لە ستراتیجى پەیوەندییەکانى نێوانمان".وتیشى "لە کۆبوونەوەکەدا پرسى وزە و ئاو و کەشوهەوا و ئاڵنگارییەکانى ناوچەکەمان تاوتوێ کرد". جەختیشیکردەوە "ئێمە عێراق وەک بەشێکى گرنگ لە ئارامى ناوچەکە دەبینین و پەیوەندییەکى چڕوپڕمان لەگەڵ عێراق هەیە".

لەبەشێکى ترى کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا فوئاد حسێن ئاماژەى بەوە کرد "ئێمە و ئەمریکا هاوبەشێکى گرنگ و ستراتیجى یەکترین". وتیشى "بەهاوبەشى لەگەڵ ئەمریکا داعشمان تێکشکاند".

وتیشى "خۆشحاڵم لە ئەمریکام و کۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکى ئەمریکا دەکەم و هەردوولامان پێویستە لە هەندێک پرس بۆچوونى یەکتر وەربگرین". جەختى کردەوە "ئەمریکا هاوکارمان دەبێت لە بونیادنانەوەى عێراق".

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە 15ی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە. 

پرسی سەرەکی کۆبوونەوەی سوودانی و بایدن داڕشتنی نەخشەڕێگەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە بۆ قۆناخی داهاتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP