هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی بکات بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بوودجە بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە باش خۆمان ئامادەکردووە.
دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: دوای گەیشتنی خشتەکانی بوودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی گفتووگۆی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ئامادە بکەن و دواتر بێتە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەم ڕۆژانە ئامادەبێت بۆ دەنگدان.
دکتۆرە ڤیان سەبری وتیشی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان باش ئامادەکردووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی کورد بکەین و بتوانین مافەکانی کورد تێیدا جێگیر بکرێت، بۆیە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەین بەتایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مانگانە لەکاتی خۆی بدرێت.
سەبری باسی لەوەشکرد: بەپێی ئەو بەرنامەی دانراوە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر خشتەکانی بوودجە بدرێت.