دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 02/06/2024

میزاجى ساردو گەرم و کاریگەرییەکانى لەسەر مرۆڤ

هەرێم نیوز 

بەگوێرەى زانستى پزیشکى سونەتى ئێران، سەرجەم مرۆڤەکان دابەشى دوو جۆرە میزاج دەبن، ئەوانیش سارد و گەرمن، ساردو گەرمەکەش هەر یەکەیان دابەشدەبێت بەسەر دوو بەشی دیکەدا کە بریتین لە ساردی تەڕو وشک، لەگەڵ گەرمی تەڕو وشک و بۆ هەریەکەیان نیشانەى تایبەت بە خۆیان هەیە، جۆری ژیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆراکدا تایبەتمەندى خۆیان هەیە، ناسینى میزاجەکان کاریگەرى دەبێت لەسەر پاراستنى تەندروستى و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی دۆزینەوەى چارەسەریش، وەک پزیشکە سونەتییەکانى ئێران ئاماژەى پێدەکەن، بەشێکى زۆر لە کێشەکانى خواردن (پێکەوتن و پێنەکەوتن)ى پەیوەندی بەو میزاجانەوە هەیە،تەنانەت توێژینەوەکان دەریانخستووە میزاجەکان پەیوەندییان بە لایەنى تەندروستى و هەڵکەوتەى جەستەیی مرۆڤ و تەنانەت پێکهاتە دەرونییەکانیشیەوە هەیە کە لەکاتى لەدایکبوونیەوە لەگەڵیدایە.

شارەزایی لە بابەتى میزاج ناسین لە باشورى کوردستان زۆر کەمە، ئێمە لەم راپۆرتەدا کەمێک ئاماژەیان پێدەکەین و هیواردارین شارەزایانى بوارەکە لەو بارەیەوە رێنمایی زیاتربڵاوبکەنەوە.

یەکەم: میزاجی ساردى وشک 

ئەو کەسانەى کە ئەم جۆرە میزاجەیان هەیە، پێستیان وشک و کەم ئاوە، خوێنیان خەستە، بەشێکیان دڵەکزێیان هەیە، کێشەى دەمار و ماسولکە و قورگیان هەیە، خاوەنى ئیشتیاى درۆزنانەن واتە واهەست ناکەن برسییانە بەڵام کە نان دەخۆن زۆر دەخۆن، یان برسییانە کەچى زۆریان بۆ ناخورێت، ئەم جۆرە کەسانە لە رووى دەرونییەوە زۆر ئاسوودەنین، خەونى ناخۆش دەبینن، لە وەرزى بەهاراندا زۆرتر ئاسودەن و کێشەیان کەمترە وەک لە وەرزەکانى دیکە، ئەم جۆرە کەسانە بۆ رێککردنەوەى میزاجی خۆیان و ئاگادار بوون لە تەندروستییان دەبێت سوود لەم جۆرە خواردنانە ببینن.

- خواردنەوەى شلەمەنى بەدرێژایی رۆژ.
- خواردنەوەى شەربەتى سێو یان گێزەر رۆژانە یەک پەرداخ.
- کەمکردنەوەى خواردنە سارد و وشکەکان.
- بەهیچ شێوەیەک نابێت خواردنە بەستووەکان بخۆن و لە لیستى خواردنەکانى رۆژانەیاندا هەبێت.

دووەم: میزاجی سار و تەڕ 

ئەم جۆرە میزاجە کە بەڵغەمیشی پێدەگوترێت، زۆرینەیان سپی پێستن،پێستیان ناسک و درەوشاوەیە، پێستیان تەڕە، هەندێکجار لەژێر چاویاندا چرچی بەدی دەکرێت یان کەمێک دەئاوسێت، زۆرینەى کات دەمیان تەڕەو تفیان زۆرە لەگەڵ ئەوەشدا زۆر تینوویان دەبێت، ترشەڵۆکی گەدە– دڵەکزێ- یان زۆرە، زۆرینەى ئەم جۆرە میزاجە خەویان خۆشە، زستان دەبێتە وەرزی نەخۆشکەوتنیان، بۆ رێککردنەوەى ئەم جۆرە میزاجە دەبێت سوود لەم جۆرە خواردنانە وەربگیرێت.

- دوو ژەم خواردن گرنگە بۆیان ، بەڵام دەبێت دابەشى دوو وادەى دیاریکراوى بکەن و هەر 12 کاتژمێر جارێک ژەمێک بخۆن.
- لەنێو ژەمەکاندا سوود لە خواردنى میوە و زەڵاتەى تێکەڵ لە زەیتى زەیتون وەربگرن.
- ئەو خواردنانە بخۆن کە پرۆتین و ریشاڵیان تێدایە.
- دوور کەوتنەوە لە خواردنە ساردەکان بەتایبەتى لە شەواندا و بەتایبەتى تر لە وەرزی زستاندا.
سێیەم: میزاجی گەرم و وشک 
زۆرینەى ئەم جۆرە کەسانە پێستیان زەرد دەنوێنێت، سپێنەى چاویان زەردی پێوەدیارە، لوت و دەمیان وشکە هەندێکجار هەست بە تاڵی دەمیان دەکەن، حەزی خواردنیان کەمە،  هەر بۆیە زۆرینەیان بە لاوازیی دەمێننەوە و قەڵەونابن، کەم خەون و زوو توڕەدەبن، حەزیان لە گەرما نییەو کەشى سەرمایان پێخوشترە، لە رێگا رۆشتندا خێران، لە قسەکردندا پەلە دەکەن، ئەم جۆرە کەسانە بۆ رێککردنەوەى میزاجیان پێویستە ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە ئەنجام بدەن.
- دەبێت ئاو زۆربخۆنەوە، میوەو سەوزەوات زۆر بەکاربهێنن
- دوور بکەونەوە لە بەکارهینانى چا و قاوە.
- کەمکردنەوەى خواردنە گەرم و وشکەکان بەتایبەتى لە وەرزی گەرمادا.
- سوود وەرگرتن لە هەواى ئازاد و فێنک
چوارەم: میزاجی گەرم و تەڕ
ئەو کەسانەى کە هەڵگری ئەم جۆرە میزاجەن، ئەندامەکانی جەستەیان گەورەیە،  زمان و چاویان سورباوە، خەویان قورسە، تامی دەمیان شیرینە، رەفتارشیرینن کەسانێکى کۆمەڵایەتی و خۆش مەشربن، لە هەر شوێنێکدا هەبن هەستى خۆش بڵاودەکەنەوە، بەڵام کەیفیان بە وەرزی بەهار نایەت و زۆرینەى کێشە تەندروستییەکانیان لەو وەرزەدا سەر هەڵدەدەن، ئەم جۆرە کەسانە بۆ ئەوەى میزاجی خۆیان رێکبخەنەوە پێویستە سیستم خۆراکیان بەم شێوەیە بێت.

- زیادکردنى خواردنە دەریاییەکان بۆ سەر ژەمە خۆراکییەکانیان.
- زیادکردنى خواردنە ریشاڵ دارەکان.
- بەکارهێنانى میوە بەشێوەیەکی رێکوپێک لەگەڵ خواردنى سەوزەکان.

تێبینى:
خواردنە گەرمەکان بریتین لە: 

گەنم و ئەوانەى لێی دروستدەکرێن، خورما، هەنگوین، کاکڵەدارەکان لە نموونەى کاکڵەگوێز و بستە و بوندوق و بادەم، شەربەتى ترێ، گێزەر، هەنجیر، دارچینى، زەعفەران، گوڵە بەیبوون، نەعنا.
خواردنە ساردەکانیش بریتین لە: 

گۆشتى مانگا و گوێرەکە، گۆشتى ماسی، جۆ و ئەوانەى کە لە جۆ دروستدەکرێن، ماست، دۆ، هەنار، خەیار، هەڵوژە، شوتى، پاقلە، بەرسیلە، کولەکە، نارنج و لیمۆ و ترش.

بەگوێرەى سەرنجى پزیشکانى سونەتى دەبێت مرۆڤ میزاجى خۆی بە خواردنەکان رێکبکاتەوە، واتە ئەوانەى کە خاوەنى میزاجی ساردن دەبێت سوود لە خواردنە گەرمەکان وەربگرن وبە پێچەوانەوە لەگەڵ رەچاوکردنى جۆری تەڕو وشکییەکەى لە هەریەکێکیان دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP