دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/06/2024

(تەسەووف لە دیدی من)

ئەکبەر یوسف

 پێشەکی: هەندێک کات مرۆڤ پەنا بۆ شتانێک ئەبات و وەک چارەسەر چاوی لێدەکات کە چاوەڕوانی لێناکرێت ببێتە چارە، بەڵام ئەستەمە رێگری بکرێت و بەربگیرێت لە بە ئەنجام نەگەیاندنی وەک نموونە بەکاربەرێکی مادەی هۆشبەر هەموو داهاتێکی خەرج دەکات لە پێناو چەند گرامێک بۆ ئاسوودەیی.

لەم قووڵاییەوە دەکرێت بگووترێت مرۆڤ بە چەندین رێگە بە دوای ئاسوودەیی و بەختەوەری دا وێڵە و تەسەووفیش لە مێژوودا تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە و لە برەوسەندن دایە بە چەندین بەرز و نزمی دا تێپەڕیوە و سەڕەڕای دژایەتیکردنیشی تا رادەیەکی باش بە نەرمی مامەڵەی کردووە و تەسەووفکاران دەڵێن سەرهەڵدانی نییە و بزوێنی لە زاتی مرۆڤ دایە.

ناوەڕۆک: کەسانێکی زۆر و هەندێک لە رەخنەگرانیش دەڵێن تەسەووف ئەگەر لە زاتی مرۆڤیش دابێت ئەوا چارەسەری بنەڕەتی نییە و ئازارشکێنە، دەتوانرێت وەڵامی ئەو پرسە بدرێتەوە لە دوو ئاستدا: ئاستی یەکەم: ئەگەر ئازارشکێنیش بێت ئەوا بێئازارترین ئازارشکێنە. ئاستی دووەم: فرەچەشنی تەسەووف و هەمەجۆری و رەنگاوڕەنگییەکەی زێدەتر لە ئازارشکێن هەڵدەگرێت. تەسەووف ئەو چەکەیە تەنها بەکاردەهێنرێت بۆ خۆشبەختی نێوان مروڤێک و یەکێکی تر و کۆمەڵێک و هەمووان و جگە لە گیانی هاوکاری و تەبایی، ئەزموونکردنی بەختەوەری زیاتر تێدا بەرجەستە دەبێت، ئەگەر ئەمە بخەینە ناو چوارچێوەیەکی راستەقینە و واقیعی ئەوا کەسی تەسەووفخواز لەگەڵ کەسێکی دژ بە تەسەووف جیاوازییەکی هێندە زۆر ئەبینرێت کەوا نێوانیان لێکدەدرێتەوە لە لایەن کەسی تەسەووفخواز کەوا ئەو مرۆڤەی دژە بە تەسەووف لەسەر هێڵی راستی ژیانکردن لار بووە و پێویستی نەک بە بەزەییە بەڵکو گیان بۆ بەختکردنی ئەرکە چونکە لای کەسی تەسەووخواز تەسەووف لە خوێن و دەماری هەموو مرۆڤێک دایە و ئەوەی بەرائەتی لێدەکات ئەوا سات دوای سات نووقمی خۆ خواردن و سووتانەوەی خۆی ئەبێت.

تەسەووفکارانی جیهان هێندە دەتوێنەوە لەناو ویستییان و بە بەشێک لە پەرستشی دەزانن چونکە ویستی خۆیان دەخەنە ناو ویستی مەئشووقیان. ناکرێت بگووترێت کەسی دژ بە تەسەووف خاڵییە لە ئیشق و جاران وا دەگووترا بەڵام لە ئێستادا تەسەووفکاران دەڵێن ئەمە ئیشقی هەقیقی نییە و ناگەیت بە ناواخنی ئیشق. مرۆڤی هێمن ئەوەیە گرینگی تەواو بدات بە تەسەووف و ئەداکردنی تێکەڵە بکات بە هەموو رەهەندەکانی ژیان، واتە لە زۆربەی تەنگییەکانی ژیان رێگەی دەرچوون بە تەسەووف بژمێرێت. خاڵێکی نەرێنی تەسەووف لە ئێستادا لە لایەن بیرمەندان ئەوەیە دوورکەوتنەوەی مرۆڤە لە پێشکەوتنەکانی دونیای مۆدێرن و دواکەوتنەیەتی، ئێمەش ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کەسێکی مۆدێرن و تەسەووفکارێک خۆشبەختی و رۆحی و مادە دوو تەرازوو و پێودانگی جیاوزای خۆیان هەیە بە یەکتر ناچوێتدرێن، هەر یەکێکیان لە شوێنی خۆیدا کاردەکات.

ئەگەریش هەماهەنگی دروست هەبێت لە نێوان مرۆڤی تەسەووفی و مۆدێرن ئەوکات دەکرێت سوودی زۆر و لایەنە نەرێنییەکانی تەسەووف دەستنیشان بکرێت لەلایەن بیرمەندان. تەسەووف لە خراپترین ئەگەریدا کەمترین نالەباری و پشێوی و جەنگ و دژایەتی خراپییەکانە. کۆبەند: ئێمەی مرۆڤی جەستە زیندووی دڵ مردوو کەمێک وانەی ئیشق فێرببین لە کەسی تەسەووفکار کە بە کردەکی ئەنجامی دەدات و بەبێ ترس و بە ئیشقەوە دەیکات. گەیشتین بەو خاڵەی هۆکاری نەهامەتی مرۆڤ دوورکەوتنەوەیەتی لە زاتی خۆی تەسەووفیش لە ناوەڕاستی ئەو زاتە دایە. ئێستاش ئەوەی هێز دەدەات بە مرۆڤ تەسەووفە بەڵگەش ئەمەیە بەختەوەری سەرچاوەیە،

سەرچاوەی بەختەوەریش لە زاتی مرۆڤە و زاتی مرۆڤیش تەسەووفە. زانستی سەردەمیش وەک چەقی هەموو مشتومڕەکان دابنرێت لە نێوان تەسەووف و دژبەرانی، ملکەچبوونی زانستیش بە ئەرک بزانرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP