هەرێم نیوز
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، دەنگ بە پێشنیارەکەی جۆ بایدن-ی سەرۆکی وڵاتەکە بدرێت، بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، کە هەفتەی رابردو رایگەیاند.
نەیت ئیڤانس وتەبێژی فەرمی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ئەگەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پێشنیازەی جۆ بایدن بەدەستبهێنرێت، ئەوا پرۆسەی ئاگربەست لە غەززە خێراتر دەبێت، هەرکاتێکیش ئاگربەست جێبەجێکرا دیلەکانی ئازاد دەکرێن و ئیسرائیلیش بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنەکە لەناوچە مەدەنییەکانی غەززە دەکشێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل پێشتر ئەم ڕێککەوتنەی قبوڵکردوە، ئێستاش دەرفەتی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ رەخساوە، بە یەک دەنگ قسە بکات و داوا لە حەماس بکات ڕێککەوتنەکە قبوڵ بکات.
لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل پێشنیارێکی سێ قۆناغی پێشکەش کردووە کە بریتییە لە ئاگربەست لە غەززە، ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.