دواین هەواڵ

ئابوری‌

 11/06/2024

نەوزاد کامیل: سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەشەئاردی پێنجەم دابەش دەکرێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا چوار بەشەخۆراک دابەش کراوە، لەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی 6ی 2024، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم ماوەی زیاتر لە 45 رۆژ دەخایەنێت و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بە سەرکەوتووی و هەڵگرتنی گەنمەکە بەباشی لە سایلۆکاندا، ئامادەکاری تەواو کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینی تەواو بۆ گەنمی جوتیاران پێش وەرگرتنی لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە بەشەخۆراک باسی لەوە کرد، تا ئێستا چوار بەشەخۆراک دابەش کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بڕیاری دابەشکردنی بەشەخۆراکی پێنجەم دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی بەشەئاردی چوارەم کۆتایی پێهاتووە و لە ئێستادا گەنم بۆ ئاشەکان نێردراوە بە مەبەستی هاڕینی و ئامادەکردنی بەشەئاردی پێنجەم. وتیشی، لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم دەکەن.

دەشڵێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە ئەگەری خراپی کوالێتی هەر مادەیەکی بەشەخۆراک راستەوخۆ بیگێڕنەوە بۆ بریکاری خۆراکەکە.

لەبارەی پڕۆسەی کارتی ئەلکترۆنی بەشەخۆراک نەوزاد کامیل باسی لەوە کرد، پڕۆسەکە دەستی پێکردووە و لە شەش پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراق کۆتایی پێهاتووە، لە پارێزگای دهۆکیش 98٪ـی پڕۆسەکە کۆتایی پێ هاتووە.

وتیشی، لە ئێستادا کار لەسە ئەوە دەکرێت کارتی ئەلکترۆنی بەشەخۆراک ببەسترێتەوە بە کارتی نیشتیمانی هاوڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لیژنەیەکی تایبەتمەند بێتە هەرێم و گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی پڕۆسەکە بکرێت. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP