هەرێم نیوز
وەزارەتی پلاندانان رایدەگەیەنێت، قۆناغی سێیەم و كۆتایی سەرژمێری تەواوبوو بە رێژەی زیاتر لە (96%)كارەكان كۆتایهاتوووە مانگی شوباتی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوێنێ شەممە، قۆناغی سێیەم و كۆتایی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و شوێنەكانی نیشتەجێبونی لە عێراق راگەیاند، كە رێژەی زیاتر (96%) تێپەڕاندووە.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ئەم قۆناغە پەیوەستە بە كۆكۆكردنەوەی داتا وردەكان لەبارەی دۆخی دانیشتوان لە وڵات، بەلایەنی تەندروستی و فێركاری و خزمەتگوزاری و دانیشتوان و چەند بوارێكی تریشەوە.
وتیشی: لەدوای كۆتایهاتنی ئەم قۆناغە، پرۆسەی هێما و پۆلێنكردن و ریزبەنكردنی داتاكان دەستپێدەكات و پێشبینی دەكرێت ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی لە كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا رابگەیەنرێت، دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەكانی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردودا راگەیەندرا.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەم قۆناغە وێنەیەكی گشتگیرو ورد لە دۆخی دانیشتوان لەوڵات فەراهەم دەكات و داتاكان دەبنە بنەمای پلاندانانی ستراتیجی لە دیاریكردنی كارە لەپێشینەكانی گەشەكردن، ئەو داتایانە زانیاری تێروتەسەل لەبارەی دانیشتوان لەخۆدەگرێت كە لە پارێزگاكانەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گەڕەكە بچوكەكانی دانیشتوان، ئەوەش وێنەیەكی روون لەبارەی تایبەتمەندیەكانی ژیانی دانیشتوان فەراهەم دەكات.