دواین هەواڵ

جیهان‌

 20/03/2025

وێنەی ئەو ناوچانەی ئێران کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرشی بکاتەسەر بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

کەناڵی 14ی ئیسرائیل وێنەی نوێی مانگی دەستکردی ئامانجە سەربازییە هەستیارەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە کە ڕەنگە بەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بن لە داهاتوودا.

ئەو ناوچانەی کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەگەری هەیە بکرێنە ئامانج؛ بریتین لە کۆمەڵگەی سەربازی "خەجیر" کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک لە ئێران، هەروەها دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەربازییەکانی "پارچین".

هەردوو شوێنەکە لە ئۆکتۆبەری 2024 لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا زیانێکی کەمیان بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستاش لە کاردان.

بەشێک لە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئێران لەم هێرشانەدا زیانێکی زۆریان پێ نەگەیشت و تا ئێستاش لە کاردان. وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئاسمانییەکان نیشان دەدەن کە ئێران چ ڕێوشوێنێکی بەرگریی بۆ پاراستنی ئەم دوو بنکە سەرەکییە گرتووەتەبەر.

ڕۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن، هەڕەشەی لە ئێران کرد.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن تاران بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر هێرشێکی حوسییەکانی یەمەن. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن دەرئەنجامی قورسی بۆ ئێران دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP