هەرێم نیوز
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە،بەشدارینەكردنی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، دەرگای بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕووی جۆرێکی نوێی کێبڕکێی نێوان كوتلە سیاسییەکانی عێراقدا کردووەتەوە، لە سایەی بەردەواميی ناکۆکییە سیاسییەکانيش سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە داهاتوودا روبەڕوی هەڵبژاردن دەبنەوە، سیناریۆی جیاواز دەخرێنەڕوو، لەنمونەی، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن و، پێکهێنانی حکومەتی دۆخی لە ناكاو، لەحاڵەتى پەرەسەندنی روبەڕوبونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هێزە شیعەکان لە هەوڵی دەستگرتن بەسەر ئەو (٧٣) کورسییەی رەوتی سەدردان، کە سەدری سەرۆکی بزووتنەوەکەیان دوای كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی دەستەبەرداری بوو، پێشبینیەكان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرينەی دەنگە سەدرییەکان بۆ هاوپەیمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆ کوەزیرانی عێراق یان بۆ هەندێک هێزی تازەپێگەیشتوو دەچێت.
ئەوەش دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هێزە گەورەکانی شیعە، وەک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، لەو دەنگانەی ئارەزوی بەدەستهێنانی دەكەن، بۆ دەستەبەرکردنی کورسی زیاتر لە پەرلەمانی داهاتوو، یان لانیکەم پارێزگاری لەو کورسییانەی ئێستایان بكەن.