هەرێم نیوز
هەسەدە پێدانی پۆستێکی سەربازی بە ئەبو حاتەم شەقرا بە توندی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: شوێنی تاوانباران زیندانە نەک پلە و پۆستی حکوومی.
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەڵێت: دانانی تاوانباران لە پۆستە هەستیارەکان لە سوریای نوێدا، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت گڵاو دەکات.
فەرهاد شامی، لە تۆڕی كۆمەڵاتی "ئێكس" رایگەیاندووە، تاوانبار "ئەبو حاتم شەقرا" کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەلەف، پێویستە لە ناو قەفەسی دادگادا بێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لە بەرامبەر تاوانەکانیان.
دەشڵێت: تاوانبارێک لە ناوخۆدا داواکراوەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا دراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت.
ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس، ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند رۆژی رابردودا لەلایەن مورهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا، بە فەرماندەی فیرقەی (٨٦) سوپای نوێی سوریا لە حەسەکە و دەیرزورو رەقە دەستنیشانکرا.
ئەبو شەقرا فەرماندەی پێشوی گروپی "ئەحرار ئەلشەرقیە" بووەو لەلایەن توركیاوە پاڵشتی دەكرێت، دەوترێت خاوەنی بڕوانامەی (6) بنەڕەتی بووە، بەڵام دواتر وەك بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی نوێكانی سوریا، لە ساڵی (2023) بڕوانامەی زانکۆی لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ماردین لە تورکیا بەدەستهێناوە.
لە مانگی تەموزی ساڵی (٢٠٢١)ەوە، خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباری کرد بە سەرپەرشتیکردنی زیندانێکی سەر بە ئەحرار ئەلشەرقیە لە گوندەواری حەلەب، کە بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە چەندین پرۆسەی لەسێدارەدانی مەیدانی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی تیادا ئەنجادراوەو، بە پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.