هەرێم نیوز
دوای بڵاوکردنەوەی هۆشداری بۆ چۆڵکردنی سێ بەندەری یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە چوارەمین شەپۆلی هێرشەکانیاندا پێگەکانی حوسییەکانیان لە یەمەن کردە ئامانج.
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئامانجی هێرشەکە حودەیدە، ڕاس عیسا و سەلیف بوون.
پێش ئەم هێرشە، سوپای ئیسرائیل چەندین جار ڕاپۆرتی دابوو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مووشەک لە یەمەنەوە بەرەو خاکی ئەو وڵاتە ئاراستە کراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی دەستبەجێی بۆ چۆڵکردنی هەرسێ بەندەری حودەیدە، ڕاس عیسا و سەلیف دەرکردبوو.
ئەمە شەپۆلی چوارەمی هێرشە ئاسمانییە بەربڵاوەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە وەڵامی هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریون لە تەلئەبیب ئەنجامدرا.
حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانیان وەک دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتییە بۆ خەڵکی فەڵەستین.