دواین هەواڵ

جیهان‌

 16/05/2025

دانوستانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ دانوستانی ئاشتی ڕاستەوخۆی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستیپێکرد و ئامادەبوونی کەسایەتییە پلە نزمەکان و ئامادەنەبوونی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا گومانی لەسەر بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دروستکرد.

ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە بە خۆی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات، ڕەخنەی لە "نەبوونی جددییەت"ی ڕووسیا گرت و پێش دانوستانەکان داوای ئاگربەستی تەواوەتی کرد.
 
ئەمانە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولان لە بەهاری ٢٠٢٢ەوە. تورکیا وەک ناوبژیوانێک میوانداری دانوستانەکان دەکات و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر پێویستی "ئاشتی بەردەوام" کردەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای ئاگربەستی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ کرد، بەڵام تا ئێستا نوێنەری بۆ کۆبوونەوەکە نەناردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تا کۆبونەوەیەک لە نێوان ئەو و پوتیندا نەبێت، هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکانی ئاشتی ئۆکرانیادا بەدی نایەت.

ئۆکرانیا داوای ئاگربەستی تەواوەتی و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا و گەڕانەوەی منداڵە ڕفێندراوەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی کردووە، هاوکات مۆسکۆ مەرجی خستووەتەڕوو، لەوانە سنووردارکردنی سەربازی کیێڤ.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە شەڕ لە دۆنباس و زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا توندتر بووە و ڕووسیاش هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکردووەتەوە.

شرۆڤەکاران چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بە کەم دەزانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP