هەرێم نیوز
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی عەرەبی، سەرچاوە باڵاکانی سوریا ڕایانگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی 25ی ئەیلول، سوریا و ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ بکەن، بە نێوەندگیری ئەمریکا.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لە نیویۆرک، وتارێکیش لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە پێشکەش دەکات.
بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، تەلئەبیب و دیمەشق لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی واژۆ ناکەن و ڕێککەوتنە مەبەستدارەکەش تەنیا لە ڕەهەندی ئەمنیدا سنووردار دەبێت بۆ ئەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆنتڕۆڵ بکات.
تا ئێستا هەردوولا لەسەر نزیکەی لەسەدا 80ی کێشەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و گفتوگۆی ئەمنی نێوان دیمەشق و تەلئەبیبیش لە باکۆ و پاریس بەردەوام دەبێت.
ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان زیاد کردووە کە ڕێکخستنە ئەمنییەکان لە باشووری سووریا نزیکە لە یەکلایی بوونەوە.