ئێدواردۆ گالیانۆ
شوان ئەحمەد كردویەتی بەكوردی
دەمەوێت كەمێك باس لەوە بكەم كە چۆن و بۆچی بووم بە نوسەر.
سەرەتا، دانپێدانان: هەر لە منداڵیمەوە، هەوڵمدا ببمە یاریزانی تۆپی پێ. هەتا ئێستاش هەر باشترین یاریزانم، بەڵام ئەوە تەنها لە خەونمداو كە بە ئاگادێمەوە، دەزانم دوو قاچی خوارم هەیەو چارم نییە جگە لەوەی، هەوڵی بوون بە نوسەر بدەم.
هەوڵمداوە و تا ئێستاش هەر لە هەوڵدام، بۆ ئەوەی بە چەند وشەیەكی كەم، زۆر شت بڵێم. لەسەر حیسابی ڕەوانبێژی، سۆراخی وشە ئەبستراكتەكان بكەم. نوسین ئەوسا و ئێستاش كارێكی قورسە، بەڵام زۆربەی جار هەستێكی قوڵ و چێژێكی گەورەم پێدەبەخشێت، بە دوور لە گۆشەگیری و بیرچونەوە.
هەوڵمداوە و هەوڵیشدەدەم وەك پێویست كارامەبم، تا فێری فڕین ببم لە تاریكیدا. هەوڵمداوە و هەوڵدەدەم، هەموو ئەو درۆ و دەلەسانە هەڵبێنمەوە كە ڕۆژانە و بە ناچاری دەرخواردمان دەدرێت.
هەوڵمداوە و هەوڵدەدەم، سەختگیربم دەرهەق بەو بڕیارانەی سەردار و سەركردەكانی جیهان دەریدەكەن، بڕیارگەلێك كە دژی ویژدانمان و دژی لۆژیكی سەلیمە.
هەوڵمداوە و هەوڵدەدەم، گریمانەی ئەوە بكەم كە نابێت بێلایەن بم. نابێت ببمە ئامانجی شتێك كە بەویستی خۆم نەبێت، چونكە ئەوە دژ بە خواست و ویستی مرۆڤایەتیە.
هەوڵمداوە و هەوڵیش دەدەم، بەرپەرچی ئەو پەندە كۆنە بدەمەوە كە دەڵێت: (مرۆڤ گورگە بۆ برای خۆی). ئەوە درۆ و دەلەسەیە. گورگ یەكتری كەلەپاچە ناكەن، ئێمە تەنها بونەوەرێكین دەستمان بە كوشتنی یەكتر ڕاهاتووە.
هەوڵمداوە و هەوڵیش دەدەم، لە ڕێی نوسینەوە ئەو پیاو و ژنانە بدۆزمەوە، كە حەز بە دادپەروەری و جوانی دەكەن. ئەوانە كوڕ و كاڵی دنیاكەی منن، بەدەر لەوەی لە كوێ لە دایكبوون یاخود چۆن ژیاون و بەدەر لە سنوری ڕۆژگار.
هەوڵمداوە و ئومێدەوارم و هەر هەوڵدەدەم لای ڕاست بگرم، كە هەمیشە لەلای چەپدایە، بۆ خاتری شەڕی سەختی هەمیشەیم، دژی سوكایەتی و بەكەمگرتن.
هەوڵمداوە و هەوڵیش دەدەم (بڕوام پێبكەن مەسەلەكە ئەوەدێنێ)، ڕەنگە بتوانین ئەو ڕستە بەناوبانگە بگۆڕین كە ویلیام شكسپیری هاوڕێم، نوسیویەتی و دەڵێت:
بەڵێ، ژیان حیكایەتێكە، گەمژەیەك دەیگێڕێتەوە. پڕپڕە لە هەرا و زەنا و توندوتیژی و هەموو شت بەیان دەكات!
گالیانۆ لە بەرواری 9/ئایاری/2013 ئەم گوتارەی پێشكەش كردووەو ئەویش لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی سەنتەری (هیڤن) بۆ زانستە كۆمەڵایەتیەكان لە ویسكۆنسنی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو خەڵاتەكەش، لە پای نوسین و بەرهەمە ئەدەبیەكانیدا بووە.