دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق تاوتوێی سیناریۆكانی شەڕ دەكات

هەرێم نیوز

راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ روبەرووبوونەوەی مەترسییەكان.

قاسم ئەعرەجی مەبەستی لە دۆخی ئێستای شەڕە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، هەڵوێستی فەرمی حكومەتی عێراق لەم شەڕەدا ئیدانەكردنی هێرشی ئیسرائیلە بۆسەر ئێران.

لەدوای دەستپێكردنی شەڕەوە، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن كارێكی ئەوتۆیان دژ بە ئیسرائیل یاخود بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە ئەنجام نەداوە، بەڵام دوێنێ شەو ئاژانسی (تەسنیم)ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران ڤیدۆیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، دەستكراوە بە رەوانەكردنی درۆنەكان لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل.

بەر لە دەستپێكردنی شەڕ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری بە عێراق دا خۆی بە دوربگرێت لە تێوەگلان ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەتیش لایەنە شیعەكان ئامادەكاریی دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و؛ بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لەدوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023وە (هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل) لەناوچەكە هاتوەتە ئاراوە، وەكو بابەتێكی چارەنوسساز تەماشای هەڵبژاردنەكە دەكەن، بەتایبەتیش رژێمی سوریا وەكو بەهێزترین هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەكە كەوتووەو حزبوڵای لوبنان لاوازكراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP