هەرێم نیوز
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران چرتڕ دەکاتەوە و لەنوێترین پێشهاتدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشكرای دەکات، هێزەکانیان بەمزووانە ئامانجی دیکە لە ئێران دەپێکن و بارەگاکانی حکومەت وێران دەکەن.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس ڕایگەیاند، ''گەردەلوولێک بەسەر تاراندا تێدەپەڕێت، بارەگاکانی حکومەت لە ئێران بۆردوومان و وێران دەکرێن لە دەزگای پەخشی فەرمییەوە دەستمان پێکرد و بەمزووانە هێرش دەکەینە سەر ئامانجی دیکەش''.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل بۆ ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد، شەپۆلێکی هێرشی نوێیان بۆ ناوچەی تاران دەستپێکردووە، ئاماژە بەوەش دەکات هێزەکانیان ڕووبەڕووی حەوت درۆنی ئێرانی بوونەتەوە''.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و ئێران شەش ڕۆژە بەردەوامە، هێرشەکانیش چرتڕ دەکرێنەوە، ئیسرائیل هەڕەشەی لێدانی گورزی زیاتر لە تاران دەکات و ئامانج لێی لەناوبردنی هەموو پێگە ئەتۆمییەکان و شوێنەکانی دروستکردنی مووشەکە لە وڵاتەکەدا ئێرانیش وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە و ئامانجی خۆی دەپێکێت.
لەدەستپێکی ئەم شەڕەوە زیاتر لە 30 بەرپرسی باڵای سەربازی ئێران کراونەتە ئامانج و کوشتنی 16 بەرپرسیان لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە, هاوکات ئیسرائیل باس لەوەدەکات کە 14 زانای ئەتۆمی ئێرانیشیان کوشتووە.