هەرێم نیوز
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە (18ی حوزەیرانی 2025) ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە ئەم دواییە سەبارەت بە ناردنی شاندێکی دانوستانکار بۆ سوڵتانییەتی عومان بڵاوکرایەوە.
عەراقچی دووپاتی کردەوە کە "ئێمە شاندێکی دانوستانکارمان بۆ سوڵتانییەتی عومان نەناردووە"، جەختیشی کردەوە کە "ئەمە زانیاریی نادروستە" سەبارەت بە ڕۆیشتنی لە تاران بە سەرۆکایەتی وەفدێکی لەو شێوەیە.
ناوبراو وتیشی: سروشتی شەڕخوازی ڕژێمی زایۆنیستی سەرچاوەی نائەمنی لە ناوچەکەدایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئەو قسەیەی ڕۆیتەرز لەبارەی گەیشتنی شاندێکی دانوستانکاری ئێرانی بۆ شاری مەسقەت بڵاوی کردۆتەوە، ڕەت کردەوە.
ڕۆیتەرز هەرئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە شاندێکی دانوستانکاری ئێرانی گەیشتووەتە سوڵتانییەتی عومان و ئاماژەی بەوە کردبوو کە "فڕۆکەکەی شاندەکەی ئێران ماوەیەکی کورت لەمەوبەر لە خاکی عومان نیشتووەتەوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی حکومەتی ئێران بینرا کە لە تارانەوە هەڵدەفڕێت، سەرەڕای بەردەوامی ئاڵوگۆڕی تەقە لەگەڵ ئیسرائیل و سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین.
هەر لەو چوارچێوەیەدا نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە تاران لەژێر گوشاردا چوونە ناو دانوستانەکان ڕەتدەکاتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ئاشتییەک کە بە زۆرەملێ بەسەریدا بسەپێندرێت قبوڵ ناکات و وەڵامی هەڕەشەکان بە شێوەی ماددی و هەر کردەوەیەک بە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە دەداتەوە.