دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵڕۆژى کیمیاییبارانى شاری سەردەشت

هەرێم نیوز

لە میانى جەنگی نێوان عێراق و ئێران (1980-1988) دا کوردستان زۆرترین زیانى بەرکەوتووە، دیارترینیان وێرانبوونى ناوچەکانى هەردوو پارچەى رۆژهەڵات و باشوورى کوردستان بوون، رژێمی بەعس کە ئەوکات لە لایەن هێزە نێودەوڵەتى و جیهانییەکانەوە پشتیوانى دەکرا لە چەندین شوێن لەدژى کورد چەکە قەدەغەکراوەکانى تاقیدەکردەوە، لە نموونەى چەکی کیمیاویی قەدەغەکراو لە ناوچەکانى گەرمیان، بالیسان، دۆڵی جافایەتى و دواتریش لە سەردەشتى رۆژهەڵاتى کوردستان و لەسەروو هەمووشیانەوە کیمیایی بارانى هەڵەبجە لە بەهاری 1988.

هەر لەو هەڵمەتە دڕندانەیەدا کە سوپاى عێراق لە میانى جەنگی هەشت ساڵەى لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەى دەبرد لە رۆژی 28ـى حوزەیرانى ساڵى 1987 شارى سەردەشتى رۆژهەڵاتى کوردستان کەوتە بەرهێرشی کیمیاییبارانى هێزە ئاسمانیەکانى عێراق و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆری گیانى لێکەوتەوەو لەگەڵ کۆمەڵێک بریندار کە تا ئێستاش بەدەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن.

بەگوێرەى سەرچاوەئێرانییەکان لە ماوەى جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا شارى سەردەشت چوار جار کەوتوەتە بەرهێرشی کیمیایی و فڕۆکەجەنگییەکانى عێراق دوا هێرشیش لە رۆژى 28ـى حوزەیران رویدا و لەکاتى بۆردومانەکەدا 110 کەس لە خەڵکی سڤیلى شارەکە شەهید بوون، ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و بەهۆی نەبوونى کەرەستەى پێشکەوتوى پزیشکییەوە بریندارەکان بەدەم ئێش و ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن. وەک شارەزایان باسیدەکەن لە دواى جەنگی جیهانى یەکەمەوە سەردەشت یەکەمین شارى بێچەک و سڤیلە بە چەکی قەدەغەکراو هێرشی کرابێتە سەرو ئەو هەموو زیانەى بەرکەوتبێت و بەهۆی هاوشێوەی لەگەڵ کارەساتى کیمیایی بارانى هەڵەبجە دا بەدەستەخوشکی هەڵەبجە ناوزەد کراوە و لە هەمان کاتیشدا لەبەر سروشت و هەڵکەوتە جوانەکەى ناوى بەهەشتى کوردستانى لێنراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP