هەرێم نیوز
زانایان دو جۆری نوێی ڤایرۆسیان دۆزیوەتەوە کە لە شەمشەمەکوێرەدا هەیە و زۆر مەترسیدار و كوشندەن، ئەگەری گواستنەوەیان هەیە بۆ مرۆڤ. گواستنەوەیان مانای ئەوەیە مرۆڤایەتی لەبەردەم پەتایەکی نوێدایە، پەتایەک کە دەکرێت مەترسیدارتر و وێرانکەرتر بێت لە کۆڤید-19 یان ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بریتانی بڵاویکردۆتەوە، توێژەران ڤایرۆسێکیان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی توندی مێشک و یەکێکی دیكەش کە دەتوانێت ببێتە هۆی توشبون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە. هەردو ڤایرۆسەکەیان لە شەمشەمەکوێرە لە چین دۆزیەوە.
زانایان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو دو ڤایرۆسە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ڤایرۆسی نیپا و هێندرا هەیە کە هەردوکیان بۆ مرۆڤ کوشندەن. شارەزایان نیگەرانی بەپەلەیان لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی ئەو دو ڤایرۆسە هەیە، چونکە لە ئێستادا هیچ دەرمان و ڤاکسینێک نییە بۆ چارەسەرکردنی هیچ کامیان.
توێژەران دەڵێن، "ئەم دۆزینەوانە تێگەیشتنمان لە هەوکردنی گورچیلەی شەمشەمەکوێرە فراوانتر دەکەن، تیشک دەخەنە سەر هەڕەشە جددیەکانی زۆنۆتیک (ئەو نەخۆشیانەی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە)، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی شیکاری میکرۆبی گشتگیر و تەواو دەکەنەوە".
بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکەیان، تیمێکی پەیمانگای یونان بۆ کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییە ئیندێمیکەکان، گورچیلەی 142 شەمشەمەکوێرەیان شیکردەوە لە 10جۆر کە لە ماوەی چوار ساڵدا کۆکرابونەوە. بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێکخستنی بۆماوەیی پێشکەوتو، 22 ڤایرۆسیان دۆزیەوە کە 20 ڤایرۆسیان پێشتر نەبینراون.
توێژەرە یۆنانیەكان لە توێژینەوەکەیاندا نوسیویانە، "بە شیکردنەوەی نمونەیەک لە گورچیلەی شەمشەمەکوێرە کە لە نزیک باخ و ئەشکەوتەکانی گوندەکان لە یونان کۆکراونەتەوە، نەک تەنها ئەو میکرۆبە جۆراوجۆرانەمان دۆزیەوە کە شەمشەمەکوێرەکان هەڵیاندەگرن، بەڵکو ڤایرۆسی هێنیپای نوێی شەمشەمەکوێرەمان دۆزیەوە، کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ڤایرۆسی هێندرا و نیپا هەیە، کە لە چین دەستنیشانکراون".
دەشڵێن، دۆزینەوەکانیان "نیگەرانی بەپەلە لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ یان ئاژەڵدار" دەوروژێنێت.