دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجامی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ ڕاگەیەندرا

هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئی هەڵسەنگەیاندن بڵاوکردەوە.

وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سوپاسگوزاری ڕۆڵی وەزارەت، لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتیاران، مامۆستایان، پەروەردەکاران و کارگوزارانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانین کە توانییان پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدا بەڕێوە بەرن.

باسی لەوەشکرد،  پاش دوو (٢) ڕۆژ لە تەواوبوونی تاقیکردنەوە گشتییەکان، ئاگاداری سەرجەم قوتابییانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (بە هەموو بەشەکانیەوە) دەکەینەوە کە لە ئێستادا ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەزاریی خولی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، لە ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" (e-halsangandn) لەسەر هەردوو سیستەمی کارپێکردنی Android و IOS بەردەستە.

جەختی لەوەشکرد، کاتژمێر (١٠)ی ئەمشەو، بەستەرێک (لینکێک) لە پەیجی فەرمیی وەزارەت دادەنرێت بۆ سەیرکردنەوەی پەڕەی سۆما (وەڵامەکان)، کە قوتابی دەتوانێت بە شێوازی دیجیتاڵی وەڵامەکانی خۆی و وەڵامی نموونەییی دروست سەیر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابی دەتوانێت لە قوتابخانەکان فۆرمی پەڵپ (اعتراض) پڕ بکاتەوە، لە ڕێکەوتی ٩/٧/٢٠٢٥ تاکو کۆتاییی دەوامی فەرمیی فەرمانگەکان لە ڕێکەوتی ١٧/٧/٢٠٢٥. بەدڵنیایییەوە بەوردی لە ئەنجامەکان دەکۆڵینەوە.

وەزارەتەکە دەشڵێت، پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ئەو قوتابییانەشی کە دەرفەتی دەرچوونیان لەم خولەدا نەبووە، خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانیان لەبەردەستە. بە هیوای سەرکەوتنیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP