هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاندی یاوەری کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەحموود مەشهەدانی لە هەولێر کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوون، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن و پێویستە لە زووترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
دووپاتیشیان کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.