دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

وه‌زاره‌تی كاره‌با: پرۆژەی ڕوناکی گەیشتوه‌ته‌ زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی

هەرێم نیوز

لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناكیدا، كارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاونیشتمانی كە دەكاتە نزیكەی 30%ـی كۆی دانیشتووان، بەهۆی پڕۆژەكەوە زیاتر لە دوو هەزار و 100 موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكاندا كوژێنراونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری فراوانتر کراوە و ئێستا زۆرینەی هاونیشتمانییان لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی سوودمەندن. فراوانبوونەکە تەواوی بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانیی گرتووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر، لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، لەگەڵ ئەم فراوانبوونە نوێیەدا، ژمارەی سوودمەندان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاونیشتمانی و 544 هەزار هاوبەش. هەروەها، زیاتر لە 2100 موەلیدەی کارەبای تایبەت کە بە گازوایل کاریان دەکرد، کوژێنراونەتەوە.

پلانی حکوومەتیش ئەوەیە تا کۆتاییی ساڵی 2026، زیاتر لە 7000 مۆلیدەی دیکە بکوژێنێتەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی نرخە نوێیەکانی کارەباوە، 80%ـی هاونیشتمانییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بە کارەبای نیشتمانی و موەلیدەی ئەهلییان دەدا. وەزارەتەکە دەڵێت، نرخە نوێیەکان بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەبا دانراون.

پڕۆژەی رووناکی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا و لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا. ئامانجی پڕۆژەکە گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرجەم ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتاییی ساڵی 2026.

بڕیاریشە تا کۆتاییی ساڵی 2025، سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێرییان پێ بگات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP